کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات: ڕەزا پەهلەوی سووکایەتی بە نەتەوەکانی ئێران دەکات

18:18 - 21 جۆزەردان 2722

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کاردانەوە بە قسەکانی ''ڕەزا پەهلەوی''، لە راگه‌یه‌ندراوێكدا هۆشداریی دا کە لە وتەکانی کوڕی شا شتێک جگە لە نکۆڵی و سووکایەتی بە نەتەوەکانی ژێر ستم، بوونی نەبووە.

دەقی راگه‌یه‌ندراوه‌کە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی خۆشەویست!

خەڵکی خەباتکار و ڕاپەڕیوی ئێران!

نەتەوە ژێر ستمه‌كان لە ئێران!

چەند ڕۆژ لەمەوپێش "ڕەزا پەهلەوی" لە وتەکانی خۆیدا لەژێر ناوی ''قسە لەگەڵ هاونیشتمانییان''، وەکوو هاونیشتمانییەکی ئێرانی لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی هاووڵاتییان له‌ نێوخۆی ئێران، هه‌ندێک باسی هێنا ئاراوه‌.

ڕەزا پەهلەوی لەو قسانەیدا لەسەر هاوپێوەندی و پێکەوبوونی خەڵکی ئێران جەخت دەکاتەوە، بەڵام هاوکات سووکایەتی بە نەتەوە ژێر ستەمه‌كانی ئێران دەکات و سەرەڕای نکۆڵی لەو ڕاستییەی کە ئێران وڵاتێکی فەرە نەتەوەیە، ئەو نەتەوانە وەکوو "خێڵ، عەشیرە و هۆز" ناو لێ دەبات و ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەو نەتەوانە بە تایبەت نەتەوەی کورد لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتدارەتیی پەهلەوییەکان و کۆماری ئیسلامی بۆ وەدستهێنانی ئازادی و مافی نەتەوایەتیی خۆیان تێکۆشاون و بەرگری و خەباتیان بە خوێن و فیداکاریی ڕۆڵەکانی خۆیان درێژە پێ داوە و درێژەشی پێ دەدەن. ڕه‌زا پەهلەوی لەو قسانەدا هه‌رچه‌ند لەسەر ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەخت دەکاتەوە، قەت قسەیەکی لەسەر ئێرانی داهاتوو، داهاتوویەک نە بەپێی داواکاریی خۆیان بەڵکوو لەسەر داواکارییەکانی هەموو خەڵکی ئێران، لە زار نەهاتووەتە دەرێ.

ئەگەر لێدوانی سووكایه‌تیكه‌رانه‌ی "ڕەزا پەهلەوی" سەبارەت بە نەتەوە ژێر ستمه‌كان لە ئێران به ‌مه‌به‌ستی ڕاكێشانی سەرنجی ژمارەیەک لە دەوروبەرییەکانی بێت، دەتوانرێت چاوەڕوانی قەرەبووی ئەو قسانەی لێ بکرێت، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیە کە دێته‌ به‌رچاو، لە بیركردنه‌وه‌ی نادێموکراتیک و بێگانە لەگەڵ ڕاستییەکانی ئێرانی داهاتوو سەرچاوەی گرتبێت، بێگومان سەرەڕای ئەوەیکە کاریگەرییەکی لەسەر خەباتی نەتەوەکانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی نابێت، بەڵکوو هەر ڕوانگەیەکی ئەرێنی سەبارەت بە ناوبراو دەباتە ژێر پرسیار و هاوکات لەگەڵ خەبات دژی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وه‌ها بیركردنه‌وه‌یه‌كیش  بەربەرەکانێ دەکرێت، چونکە وه‌ها ڕوانگەیەک سەبارەت بە کێشە گەورەکانی وڵاتەکەمان جگە لە لاوازکردنی هاوپێوەندی و پێکەوەبوون، ئاکامێکی دیکەی نابێت.

لە کۆتاییدا سەرەڕای پشتیوانی و هاوپێوه‌ندیی دووبارە و بێ درێخی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لەگەڵ خەڵکی خەباتکاری ئەحواز و خەڵکی دڵبرینداری ئابادان و باقیی شارەکانی پشتیوانی ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتییانە، لەسەر هاوکاری و هاوپێوەندیی نەتەوە ژێر ستەمه‌كانی ئێران و باقیی ڕێکخراو و هێزە سیاسییە پێشکەوتوو و دێموکراتیکه‌كانی ئێران به ‌مه‌به‌ستی ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیک و فێدراڵ کە وه‌ڵامدەری داواکارییەکان و مافە نەتەوەیی و دێموکراتیکه‌كانی هەموو خەڵکی ئێران بێت، لەسەر خەباتی ڕەوای خۆمان جەخت دەکەینەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

٢١ جۆزەردانی ١٤٠١