کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە سویس دژی جیهادی خومەینی خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد

12:09 - 31 گەلاوێژ 2721

ڕوژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژ، بە بەشداریی ئەندامانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی سویس کۆبوونەوەیەک بەبۆنەی ٢٨ی گەلاوێژ، ساڵوەگەڕی فتوای جیھادی خومەینی، دژ بە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێکھات.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بە سرودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" لەلایەن ئەندامانی حیزب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەھیدان دەستی پێکرد.

پاشان لەلایەن "زاھیر قادر حاجی" بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەخێرھاتنی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کرا.

لە درێژی کۆبوونەوەکەدا بە زمانی "ئاڵمانی و کوردی" درووشم دژی ڕێژیمی ئاخوندی درا.

پاشان لەلایەن "موختار ڕاوش" بەرپرسی ڕاگەیاندنی حیزب لە وڵاتی سویس وتاری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی كوردستانی ئێران پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

پاشان لەلایەن "ئازاد قاسم" بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی شیوعی لە وڵاتی سویس  لەسەر یەکگرتوویی گەلی کورد دژی حکوومەتە دیکتاتورەکانی کوردستان چەند وتەیەک پێشکەشی ئامادەبوان کرا.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی خۆپیشاندانەکەدا، سروودی شۆڕشگێڕی پێشکەش کرا.

بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکە لەلایەن "ئەحمەد محەممەدی" بەرپرسی کۆمیتەی کۆمەڵەی زەحمتکێشانی کوردستان دەستخۆشی لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کرا.