کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ڕەوەندی کورد لە وڵاتی فینلاند کۆ بووەوە

17:06 - 11 رەزبەر 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەر، کۆبوونەوەی ناوەندی ڕەوەندی کورد بە بەشداریی حیزبە کوردستانییەکان‌ و یەک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هێلسینکی پێتەختی وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو.

کۆبوونەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر ''نەزیر بەرواری'' بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کورد لە وڵاتی فینلاند، سەبارەت بە ئامانج و کار و چالاکییەکانی ناوەند لە دەرەوە و بە تایبەتی لە وڵاتی فینلاند، باسێکی پێشکەش کرد.

 ناوبراو لە باسەکەیدا جەختی لەسەر یەکڕیزیی کوردانی نیشتمانپەروەر لە دەوری یەک ئامانج، واتە خاک و گەل و ئاڵای پیرۆزی کوردستان کردەوە. هەروەها هەوڵدان بۆ لێک نێزیککردنەوەی هەموو چین و توێژەکانی ڕەوەندی کورد لە دەوری ئەم ئامانجە، بێ لە بەرچاوگرتنی بیر و باوەڕی حیزبی.

لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆبوونەویەدا هەر کام لە بەشداربووان بە گرینگیدان بەو ئەرکە نەتەوەییانەی کە لەسەر شانی تاکی کوردە، جەختیان لەسەر پێویستیی بەشداریی هەموو تاکێکی کورد لە بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد کردەوە.

بەشداربووان لەسەر ئەوە هاوڕا بوون کە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای کورد، پێویستە هەموو چین ‌و توێژەکانی کورد لە دەرەوەی وڵات، بە هەستکردن بە بەرپرسایەتیی نەتەوەیی، چالاک بن‌.

هەروەها بەشداربووان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە ناوەندی ڕەوەندی کورد لە دەرەوەی وڵات، سەربەخۆ کار بکات و ئەولەوییەتی کارەکانی لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بێت و لە بەرامبەر ئەو جینایەت ‌و ستەمەی کە لەلایەن دوژمنانی نەتەوەی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان بەرامبەر تاک، گەلی کورد و خاکی کوردستان دەکرێت، هەڵوێستی هەبێت ‌و لە قاویان بدات.