کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنه‌ری حیزبی دێموکرات له سوید لەگەڵ نوێنەرانی حیزبی چەپ کۆ بوویەوە

11:44 - 22 رێبەندان 2720

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید کۆبوونەوەیەکی ئانلاینی لەگەڵ نوێنەرانی حیزبی چەپ لەڕێگای ئانلاینەوە لەسەر پرس و بابەتە ڕۆژەڤەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە برد.

ڕێکەوتی ٢٠ی ڕێبەندان "حەمید تەیمووری" نوێنه‌ری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له سوید لەگەڵ هەیئەتی پەیوەندییەکانی حیزبی چەپ "هۆکان سڤەنەرلینگ"، (Håkan S) بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی چەپ و پارلەمانتار لە پارلەمانی سوید و هاوکاری "نیلس برۆدین"، (Nils B.) لەڕێگای سکایپ کۆبونەوەیەکیان پێک هێنا و لەسەر ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان و ئێران وتووێژیان کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا باسێکی گشتی لەسەر دۆخی کۆرۆنا لە کوردستان و ئێران بە گشتی کرا کە خەڵکی ئێران و بەتایبەتی خەڵکی کورد تووشی کۆرۆنا بوونە و بەداخەوە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان هیچ هاوکارییەک ناکەن و خەڵک بەدەست بێ دەرمانی و نەبوونی کەرەستەی پزشکییەوە دەناڵێنن.

ڕێژیم ئامارێکی ئەوتۆ لە بواری تووشبوون و مردنی خەڵکەوە بەدەستەوە نادات و لەبەر چاوی خەڵک دەیشارێتەوە. ئەوەی کە خەڵک دەزانێ ڕێژەی مردن و تووشبوون بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێ و خەڵک وەزاڵە هاتوون.

ڕێبەری دیکتاتۆری ئێرانیش هاوردنی واکسەنی لە وڵاتانی بریتانیا و ئامریکاوە قەدەغە کردووە و زۆر کەسی دیاری کۆمەڵگای ئێران و کوردستان بەهۆی نەبوونی دەوا و دەرمان گیان لەدەست دەدەن.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باسێک لەسەر ڕەشبگیریی لاوان لە کوردستاندا کراوە کە تاکوو ئێستا زیاتر لە ١١٥ بۆ ١٢٠ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە گیراون بە هۆکاری جیاواز و دژبەری رژیم.

ئەم لاوانە بە کوڕ و کچەوە چالاکی ژینگە و مەدەنی، مامۆستایان، کرێکاران و ڕێکخراوی ژنانن کە دوو چالاکی دیار لەوانە "ڕۆیا جەلالی"، چالاکی ژینگە پارێز و "ئارەزوو مستەفایی" شاعیری گەنجی مەریوانی لەنێوانیاندا دەبینرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە کە خەڵکی کورد بەدەستی ڤایرۆسی کورونا و بێکاری و نەبوونی بژێویی ژیانەوە دەناڵێنن. ڕێژیم ئەم کردەوانەی بۆ ئەوەیە لە کوردستان کە خەڵک بترسێنێ و کەس نەیەتە سەر شەقامەکان و ڕەخنە لەو دۆخە نەگرن. سەرەڕای ئەمانەش ڕێژیم بەتەواوەتی شار و گوندەکانی کوردستانی مێلیتارێزە کردووە.

هەروەها نوێنەری حیزب لەو کۆبوونەوەیەدا پەڕژاوەتە سەر دۆخی کۆڵبەران کە لەم چەند ڕۆژەی دواییەدا نزیکەی ٧ کۆڵبەر کوژراو و بریندار کراون.

لە مانگی ژانوییەوە تاکوو ئێستا ١٥ کۆڵبەری کورد کوژرا و بریندار کراون لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە کوردستان. هۆکاری کۆڵبەریش نەبوونی بژێویی ژیانە و خەڵک ناچارن بۆ ئەوەی بنەماڵەکانیان بژیوێنن کاری کۆڵبەری بکەن.

هەروەها کێشەی ئاوی خاوێن کە خەڵک لە شارەکان بێ ئاوی دەکێشن باس کرا و سەرەڕای ئەوانەش باسی نەبوونی خواردن لە بازاڕەکانی شارەکانی ئێران و کوردستان کرا کە بۆ نموونە خەڵکی بە کاتژمێر لە سەرە ڕادەوەستن بۆ کڕینی نان و ڕۆن کە بە کەمی بەدەست دەکەوێت.

هەروەها باسی کێشەی قوتابخانەکان و دۆخی خوێندنی منداڵان لە کوردستان و ئێران کە دەستیان بە کەرەستەی پێویستی خوێندن ناگا و ٨٨ لەسەدی منداڵان ناتوانن بە ئۆنلاین گوێ لە مامۆستایان بگرن و بێبەشن لە قوتابخانەکانتاوتوێ کرا.

ئەمەش گرفتێکی گەورەیە کە ڕێژیم ناتوانێ چارەسەری بکات بەڵام بە ملیۆنان دۆلار بۆ گرووپە تێرۆریستییەکان لە دەرەوەی وڵات دەنێرێت و لە ناوخۆشدا خەڵک بە برسی دەهێڵنەوە.

کێشەیەکی دیکە کە لەو کۆبوونەوەیەدا باسی لەسەر کراوە، هاوسەرگیریی زۆرەملێی کچانی ژێر ١٥ ساڵ بووە کە منداڵان ناچار دەکەن بە زۆر بە شوویان بدەن و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆرینەی ئەم کچانە جیا ببنەوە و لە هەمان کاتدا تووشی کێشەی دەروونی و بێبەش لە هەموو ژیانی داهاتوویان دەبن.

نوێنەری حیزب لەو بەشەی بابەتەکەدا داوای لە لایەنی بەرانبەر کردووە کە ڕێکخراوی منداڵان وەک کۆنڤانسییۆنی منداڵان و هەتا دوایی لێ ئاگادار بکەنەوە.

باسی سیخوری کردن و کردەوە تێروریستییەکانی ڕێژیمی ئێران هێنرایە بەر باس کە لە کوردستان و لە دەرەوەی ئێرانیش چالاکیی تێرۆریستی ئەنجام دەدەن و خەرێکی تێکدان و تەقینەوەن.

وەکوو نموونە ئەو تێرۆریستانژە ئاماژە بە چوار تێروریستی ڕێژیمی ئێران کرا کە بە ناوی دیپلۆمات خەریک بوونە لە پاریس تەقینەوە بکەن و لەلایەن دادگای بلژیکەوە سزا دران و تێکڕا نزیکەی ٧٠ ساڵ زیندانیان بۆ بڕدراوەتەوە.

نوێنەرانی حیزبی چەپ سپاسی نوێنه‌ری حیزبیان کرد بۆ باسه‌که‌ی لەسەر هەلومەرجی ئێران و کوردستان و دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی نوێنەری حیزب و جەختیان کردەوە کە ئێران هەردەم خەریکی ئاژاوەگێڕییە لە ناوچەکە دژی کورد و نەتەوەکانی تری ئێران.

سەرەڕای ئەوەش ناوچەکەیان وەزاڵە هێناوە و بە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەیانهەوێت ببنە گەورە هێزی ناوچەکە و بیروباوەڕی خۆیان پەرە پێ بدەن.

هەروەها وتیشیان کە ئێران دەوڵەتی چینی هێناوەتە ناوچەکە و ئەمانەش بۆ خۆی کۆسپی گەورەن.

له کۆتاییدا نوێنه‌ری حیزب داوای لە نوێنەرانی حیزبی چەپ کرد کە بە نووسینی پێشنیار بۆ پارلەمانی سوید و بەرەو پارلەمانی ئۆرووپاش ئەو ڕەشبگیرییە لە کوردستان ڕابگرن و کێشەکانی کۆرۆنا ،نەبوونی دەوا و دەرمان، بژێویی ژیان، هەڕەشەکانی ڕێژیم بۆ سەر ئۆپۆزیسێونی کورد و حیزبەکان ڕابگرن.