کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە پارلمانی سوئید کۆ بوونەوە

12:44 - 25 جۆزەردان 2720

نوێنەرانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە پارلمانی سوئید، دۆخی ئێستای ئێران و ناوچە پەڕاوێزخراوەکان و ڕەوایی نەمانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان هێنایە بەر باس.

هەیئەتێک لە نوێنەرانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی جۆزەردان، لەگەڵ '' ئامینە کاکەباوە'' نوێنەری سوسیالیستی سەربەخۆی سوئید لە پارلمانی ئەو وڵاتە چاوپێکەوتنیان پێک هێنا.

''ناسر بۆلیدەیی، جەمیلە حەسەنخاڵی و دڵنیا ڕەحیم‌زادە'' بە نوێنەرایەتیی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، لەم دیدارەدا دۆخی ئێستای ئێران و ناوچە پەراوێزخراوەکان و ڕەوایی نەمانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان هێنایە بەر باس.

لەو چاوپێکەوتنەدا دۆخی کۆڵبەران لە کوردستان کە لە ڕووی ناچاری و نەبوونی بژێویی ژیان ڕوویان لەو کارە کردووە و لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە تەقەیان لێ دەکرێت، باسی لەسەر کرا.

هەروەها نوێنەرانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، توندوتیژی دژی ژنان لە ئێران و بەتایبەت لە ناوچە پەرواێزخراوەکانیان خستە بەر باس.

لەم چاوپێکەوتنەدا، دۆخی خوێندن لە کاتی کۆرۆنا، ڕێکارەکانی هاتوچۆی خەڵک لە ئێران و چەندین تەوەری دیکە باسی لە سەر کرا.

لە درێژەی ئەم دیدارەدا، دۆخی ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا کە بەپێی یاسا توندوتیژییان لەگەڵ دەکرێت، گفتوگۆی لەبارەی کرا.