کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرایەتیی دەرەوەی ناوەندی هاوکاری کۆبوونەوەیەکیان پێک هێنا

14:02 - 3 پووشپەڕ 2720

بە مەبەستی کاراترکردن و تاوتوێکردنی ئەرک و چالاکییەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١ی پووشپەڕ  کۆبوونەوەی بەرپرسانی هەر چوار ئەندامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە چوو.

دوای گفتوگۆ و دیالۆگێکی بەرپرسانە، بەشدارانی کۆبوونەوەکە هاوڕابوون لەسەر کاراترکردنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات.

لەو کۆبوونەویەدا بڕیار درا ناوەندی هاوکاری لقەکانی لە وڵاتانی ئورووپایی، ئامریکا، کانادا و ئۆسترالیا لە داهاتوودا ڕێک بخات.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بە ئاماژەدان بە پێویستیی ڕێکخستنی پۆتانسیەل و تواناکانی کوردی دیاسپۆرا لە وڵاتە جۆربەجۆرەکان، جەخت لەسەر یەکخستنی وزە و توانا جۆربەجۆرەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان لە وڵاتانی دەرەوە کرایەوە. 

بەشدارانی کۆبوونەوەکە هەروا هاوڕابوون کە هەوڵ بدرێت ئەم ناوەندە لە دەرەوەی وڵات بکرێتە ناونیشانێک بۆ مامەڵەکردنی دونیای دەرەوە لەگەڵ پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەوڵ بدرێت لەژێر چەتری ئەم ناوەندەشدا لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەراسەری و سەر بە نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش، بە گوێرەی پێویست، مامەڵە بکرێت.