کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزب بەشداری لە کۆنگرەی پارتی سوسیالیستی گەل لە وڵاتی دانمارک کرد

11:11 - 3 خاکەلێوه 2722

"ھەژار دەشتی" نوێنەری حیزبی دێموکرات لەسەر بانگهێشتنامەی فەرمیی ڕێكخراوی "پارتی سوسیالیستی" وڵاتی دانمارک بەشداری لە کۆنگرەكەیاندا کرد.

کۆنگرەی ئەو ڕێکخراوەیە، هەر ساڵ ڕۆژانی ١٨، ١٩ و ٢٠ی مانگی ڕەشەمە بەڕێوە دەچێت.

سەرەتای کۆنگرە بە ڕاپۆرتی سیاسی لەلایەن "پییا ئولسن دیھر" سکرتێری حیزبی سوسیالیست دەستی بە کارەکانی کرد.

  پاشان چەندین بابەتی جیاوازی وەک "سیاسەتی کۆمەڵگەیی، سوسیالپۆلیتیک، ژینگە، کێشەی پەنابەرانی ئۆکراینی، شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین، یەکیەتیی ئورووپا" و چەندین بابەتی دیکە ھاتنە بەر باس.

لەو ماوەیەدا کە کۆنگرە گیرا، نوێنەری حیزب لەگەڵ چەندین کەسایەتیی سیاسیی ئەو ڕێکخراوەیە، ئەندامانی پارلەمان و میوانانی بیانی چاوپێکەوتنی پێکھێنا.

لەو چاوپێکەوتنەدا "دەشتی" سیاسەتی حیزب و پرسی کورد بە گشتی و بەتایبەتی کوردستانی ڕۆژھەڵاتی باسی کرد.

هەروەها "هەژار دەشتی" لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ "مارگرێتە ئاوکن"، نوێنەری پارتی سوسیالیست لە پارلەمانی ئورووپا، باسیان لە چۆنیەتی زیاتر تیشک خستنە سەر پرسی کورد کرد.

"ئاوکن" بەڵێنی ئەوەی داوە کە لەمەودوا لە چوارچێوەی کاری خۆیدا ھەوڵی زیاتر دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی پرسی کورد زەق بکاتەوە و گرینگی بە کێشەکانی بدات.