کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزب لە ئاڵمان دیدارێکی لەگەڵ ئەندام فراکسیۆنێکی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئەو وڵاتە پێک هێنا

18:24 - 11 پووشپەڕ 2720

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، دیدارێکی لەگەڵ ئەندامی فراکسیۆنێکی حیزبی "سۆسیال دێمۆکراتی ئالمان" (SPD) پێک هێنا.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕ، "مستەفا قازیزادە"، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان دیدارێکی لەگەڵ خانمی "گابریێلا هاینریخ" (Gabriela Heinrich) ئەندامی پارلمانی فراکسیۆنی حیزبی "سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان" و جێگری بەرپرسی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی پارلمان سەبارەت بە مافی مرۆڤ پێک هێنا.

"قازیزادە" لەو دیدارەدا باسی لە چۆنیەتیی سەپاندنی شەڕ بەسەر نەتەوەی کورد لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە کرد و ئەوەی ڕوون کردەوە کە ڕێژیم بە دانپێدانەنان بە مافی کورد لە سەرەتادا هێرشی بۆ سەر کوردستان دەست پێکرد.

نوێنه‌ری حیزب هەروەها باسی لە بارودۆخی ئێستا کرد کە بنکەکانی حیزب لەلایەن ڕێژیمەوە تۆپباران و هێرشی کراوەتە سەر و هەروەها باسی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییانەی نێوان هێزەکانی ڕێژیم و پێشمەرگە کرد.

"قازیزادە" ئاماژەی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، سەرکوت و دەسبەسەرکردنی ڕۆڵەکانی کوردی لە ئێراندا کرد.

هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا کەیسی تیربارانی شەهید "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" ئاماژەی پێ کرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دانیشتنەدا نوێنەری حیزب باسی لە بارودۆخی کۆڵبەران کرد کە نوێنه‌ری حیزب ئەو دیاردەیەی بە وردی شی کردەوە. 

خاتوو "هاینریخ" باسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی پشتڕاست کردووەتەوە و بەڵێنیی داوە کە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات.