کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزب لە دانمارک لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆ بووەوە

11:31 - 17 رەشەمه 2719

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لەسەر دۆخی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پێک هێنا.

ڕۆژی سيشەممە ١٣ی ڕەشەمە، "هەژار دەشتی"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ خاتوو "کریستینە بیەرینگسترۆم"، کارمەندی وەزارەتی دەرەوە و بەرپرس لە کاروباری ئێران پێک هێنا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری حیزب باسێکی کورتی لەسەر مێژووی حیزبی دێموکرات، خەباتی سیاسی و چەکداری، ڕاسان و هەروەها ستراتیژیی حیزب کە ئێرانێکی دێموکرات و فیدراڵە، پێشکەش کرد.

دوابەدوای ئەوە، تیشک خرایە سەر مەبەستی کۆبوونەوەکە و هۆکاری پەیوەندیگرتنی حیزب بە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە.

مەبەست لە باسکردنی ئەو بابەتانە، گەیاندنی دەنگی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ناوەندەکانی بڕیاردەر و هەروەها پێدانی زانیاریی ورد و دروست سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، کوشتنی کۆڵبەران، بارودۆخی زیندانییانی سیاسی، دامرکاندنی ناڕەزایەتییەکان بە شێوەیەکی دڕندانە و... هتد، بە وەزارەتی ناوبراو کە بتوانن لە کۆبوونەوە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کەڵکیان لێ وەربگرن.

پاشان چەندین پرسیار سەبارەت بە حیزب، ڕەوشی کورد لە ئێران، شێوازی چالاکییەکانی حیزب و... هتد، لەلایەن "بیەرینگسترۆمـ"ـەوە ئاراستەی نوێنەری حیزب کران.

خاتوو "کریستینە"، خۆشحاڵیی خۆی بەنیسبەت ئەو کۆبوونەوەیەوە دەربڕی و هەروەها جەختی کردەوە کە ئەوان خۆشحاڵ دەبن بە وەرگرتنی زانیاری و ئاماری تایبەت کە باس لە دیوەکەی تری پرسەکە دەکەن کە نوێنەرانی ڕێژیم هەوڵی شاردنەوەیان دەدەن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا لەسەر کۆبوونەوە و پەیوەندیی زیاتر جەخت کرایەوە.