کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزب لە کۆنگرەی "پارتی سوسیالیستی گەل" لە وڵاتی دانمارک بەشداریی کرد

10:43 - 19 رەشەمه 2719

پارتی سوسیالیستی گەل لە وڵاتی دانمارک، کۆنگرەی ساڵانەی خۆی بەڕێوە برد و نوێنەری حیزب بە بانگهێشتنامەی فەرمی بەشداریی کرد.

پارتی سوسیالیستی گەل لە وڵاتی دانمارک، کۆنگرەی ساڵانەی خۆی لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە، ١٨ و ١٩ی ڕەشەمە، بەڕێوە برد و "ھەژار دەشتی"، نوێنەری حیزبی دێموکرات، بە بانگهێشتنامەی فەرمی بەشداریی کۆنگرەکەی کرد.

کۆنگرەکە سەرەتا بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی سیاسی لەلایەن سکرتێری حیزبی ناوبراو، خاتوو "پییا ئۆلسن دێر" دەستی بە کارەکانی کرد و دوابەدوای ئەوە چەندین بابەتی جیاوازی وەک سیاسەتی کۆمەڵگەی سوسیال پۆلیتیک، ژینگە، کێشەی پەنابەران، یەکیەتی ئورووپا و ھتد... ھاتنە بەرباس.

لە ماوەی دوو ڕۆژی کۆنگرەکەدا، نوێنەری حیزب لەگەڵ چەندین کەسایەتیی سیاسیی پارتی ناوبراو، ئەندامانی پارلمان و میوانانی بیانی چاوپێکەوتنی پێک ھێنا و سیاسەتی حیزب و کێشەی کورد بەگشتی و لە ڕۆژھەڵات بەتایبەتی باسی لێوە کرا.

جیا لە حیزبی دێموکرات، پارتی سوسیالیستی کوردستان و پارتی دێموکراتی کوردستانیش بەشداری کۆنگرە بوون و بە ھاوکاری و ھاوئاھەنگی لەگەڵ یەکتر نوێنەرایەتیی گەلی کوردیان کرد.

شایانی باسە کە کۆنگرە وەک نەریتێک و بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیھانیی ژنان، خەڵاتی "ئێبا سترانگە" کە ژنێکی فێمێنیستی ئەو پارتە بووە، پێشکەش بە کەسایەتییەکی چالاک لە بواری ژنان کرد.

خەڵاتی ئەمساڵی ٨ی مارس، درا بە نووسەری کورد، خاتوو "سارا عومەر" کە نووسەری ٢ ڕۆمانە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی کوردستانی باشوورە و نیشتەجێی وڵاتی دانمارکە.