کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری ‌حیزب لە ٧ـەمین کۆنگرەی جیهانیی دژایەتی حوکمی لەسێدارەدان بەشداریی کرد

11:47 - 11 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە ٧ـەمین کۆنگرەی دژایەتی حوکمی لەسێدارەدان کە لە وڵاتی بلژیک بەڕێوە چوو، بەشداریی کرد.

ڕۆژانی چوراشەممە و پێنجشەممە ڕێکەوتی ٨ و٩ ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی، "حیسام دەستپیش" نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ٧ـەمین کۆنگرەی دژایەتی حوکمی لەسێدارەدان کە لە وڵاتی بلژیک بەڕێوە چوو، بەشداریی کرد.

کراونەوەی فەرمی ئەم کۆنگرەیه لە بینای پارلمانی ئورووپا بەڕێوە چوو کە تێیدا جێگری سەرۆکی پارلمانی ئورووپا، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، باڵوێزی سوئیس و هەروەها نوێنەری نوروێژ ئامادە بوون و وتەی خۆیان پێشکەش کرد.

پاشان کەس و کەسایەتی جیاواز وەک سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان و پاپای واتیکان پەیامی پشتگیری خۆیان ئاراستەی کۆنگرەکە کرد.

ڕۆژی دووهەمی ئەو کۆنگرەیە پانێلێک بوو بۆ باسکردن لە سەر پرسی لەسێدارەدان.

لایەنی گرینگی ئەم کۆنگرەیە سەبارەت بە کوردستان و ئێران بوو کە لە ناوەندی "ئێگمۆنت پالاس" بەڕێوە چوو. سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی مانگ، گروپێک لە ئێران باسێکیان سەبارەت به لەسێدارەدان و بە گشتی مافی مرۆڤ لە ئێران خستە بەر باس. لە بەشێک لە پانێلەکەدا "تەیموور ئلیاسی" لە ناوەندی "مافی مرۆڤی کوردستان" تیشکی خستە سەر لەسێدارەدان لە کوردستان و هەروەها باسی لە سیاسەتی هەڵاواردن لە ئێران بەرانبەر بە نەتەوەی کورد کرد، لەهەمانکاتدا هێرشی مووشەکی بۆ سەر خەباتکارانی کوردی وەک پێشلکارییەک بەرانبەر بە کوردی خۆرهەڵات بەرجەستە کردەوە.

ئەمە لە کاتێدایە کە ڕاپۆرتنێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێرانیش لەو دانیشتنەدا ئامادە بوو، بەڵام زیاتر تیشکی خستە سەر لەسێدارەدانی منداڵان. لە چوارچێوەی نەتەوەکانی تردا، پرسی بەلووچەکانیش خرایە بەر باس و سیمایەک لە دۆزی ماڤی مرۆڤ لە بەلووچستان وێنا کرا کە بۆ نمونە ئاماژە بەوە کرا کە زیاتر لە ٤٠٠،٠٠٠ کەسیان خاوەنی ڕەگەزنامە(شناسنامە) نین.

دانیشتنەکە بە کۆمەڵێک پرسیار و وڵام کۆتایی پێهات و لایانە جیاوازەکان پێداگریان لە سەر ئەوە کرد کە دەبێ ئەم پرسە لە ناوەندە جیهانییەکان، بەتایبەت یەکیەتیی ئورووپا کە هێشتا پەیوەندیی لەگەڵ ئێراندا هەیە، باس بکرێت هەتا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئاراستەی سیاسەتەکانی بگۆڕێت.