کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزب لەگەڵ سەرۆکی لیستی پارتی سەوزی بلژیک دیداری پێک هێنا

11:43 - 10 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ "پێترا دێ سوتێر"، سەرۆکی لیستی پارتی سەوزی بلژیک کە بەربژێرە بۆ پارلەمانی ئورووپا، کۆ بووەوە.

ڕۆژی دووشه‌ممه، ٩ی بانەمەڕ،‌ له‌ چوارچێوەی چالاکیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، "حیسام ده‌ستپیش"، نوێنەری حیزب، لەگەڵ "پێترا دێ سوتێر"، کە بەربژێرە بۆ پارلمانی ئورووپا، کۆ بووەوە.

لەم دیدارەدا، نوێنەری حیزب بابەتەکانی پەیوەست بە پرسی کوردی لە خۆرهەڵاتی کوردستانی خستە بەرباس و لەم چوارچێوەیەدا، پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، خەباتی ڕۆژهەڵاتییەکان، ناوەندنی هاوکاریی پارتەکانی ڕۆژهەڵات و هەلومەرجی سیاسی و ئابووریی ئێران باسیان لەسەر کرا.

مەبەست لەم دیدارانەی نوێنەرانی حیزب، سازکردنی پەیوەندییە لەگەڵ بەربژێرەکانی پارلەمانی ئورووپا و لەم پەیوەندییەدا "پێترا دێ سوتێر" بەڵێنیی ئەوەی دا کە لە پارلەمانی داهاتوودا لەسەر پرسی کورد لە خۆرهەڵات، هاوکاری کورد بێت.

پارتی سەوزی بلژیک لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا، زیاتر لە جاران گەشەی کردووە و پێشبینی دەکرێت لە هەڵبژاردنی مانگی "مەیـ"ـدا، زیاتر متمانەی جەماوەر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

هەر لە هەمان ڕۆژدا، نوێنەری حیزب لە دیبەیتێکدا کە لە نێوان پارتە سەرەکییەکانی بلژیک سەبارەت بە بابەتە سەرەکییەکانی ئورووپا دانرابوو، بەشداریی کرد. لەم دیبەیتەدا باس لەسەر بابەتی پەنابەران و ژینگە کرا کە پرسگەلێکن سەرەنجی ڕای گشتیی بلژیکییەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.