کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزب لەگەڵ ئەندام پارلمانی ئورووپا کۆبووەوە

10:26 - 28 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یەکیەتیی ئورووپا، لە چوارچێوەی پێوەندیییەکانی دەرەوەی وڵاتدا، لەگەڵ "ناتان گیل"، ئەندام پارلمانی ئورووپا کۆبووەوە.

ئەم دیدارە کە ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی ڕەزبەری ١٣٩٨ بەڕێوەچوو، بە مەبەستی ڕاوەستەکردن لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات سازکرابوو.

"حیسام دەستپیش"، نوێنەری حیزب لە یەکیەتیی ئورووپا بە زانیاری و بەڵگەوە ، پێشێلکارییە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی خستە بەر دیدی "ناتان گیل"، ئەندام پارلمانی ئورووپا و ئەندامی کۆمیسیونی مافی مرۆڤی ئورووپا و داوای کرد کە لەم خولەی پارلماندا ڕاوەستەیەک لەسەر هەلومەرجی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بواری مافی مرۆڤدا بکرێت.

"دەستپیش" لەم دیدارەدا، بابەتگەلێک وەک "زیندانییانی سیاسی"، "لەسێدارەدان"، "کۆڵبەران" و "مێلیتازیزەکردنی ڕۆژهەڵاتـ"ـی خستە بەر باس؛ لەم چاوپێکەوتنەدا هەروەها ڕاوەستە لەسەر دۆسیەی "زارا محەممەدی"، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی و " محەممەد نەزەری" زیندانیی سیاسیی کورد کرا.

لەم چوارچێوەیەدا، "ناتان گیل" بەڵێنیی ئەوەی دا کە لە بەرنامەکانی داهاتووی کۆمیسیونی مافی مرۆڤدا ئەم بابەتانە لە بەرچاو بگیردرێت و هەروەها لە گوشار خستنە سەر بەشی کردە دەرەکییەکانی ئوروپا "EEAS" هاوکار بن.