کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات دیدارێکی لە پارلەمانی ئورووپا پێک هێنا

12:07 - 18 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکرات، لەگەڵ ئەندامێكی فراكسیۆنی سووسیال دێموكراتەكان، لە پارلەمانی ئورووپا کۆ بووەوە و له سێمیناری "ستراتیژی ئورووپا له سه‌ده‌ی ٢١دا" له ناوه‌ندی ئێگمۆنت بەشداری کرد.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی رێبەندان، لە چوارچێوەی چالاكیی پێوەندییەكانی دەرەوەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی  ئێران، "حیسام دەستپیش"، نوێنەری حیزبی دێموکرات، لەگەڵ كنووت فلكنشتاین
Knut FLECKENSTEIN، ئەندام پارلەمانی ئورووپا، لە گرووپی سووسیال دێموكراتەكان كۆ بووەوە.

‎بە مەبەستی گەیاندنی دۆزی خۆرهەڵات، شیكردنەوەی وەرزی نوێی خەبات و هەروەها پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە خۆرهەڵاتی كوردستان، حیسام دەستپیش، نوێنەری حیزبی دێموکرات، لە یەكیەتیی ئورووپا و بلژیك چاوی بە كنووت فلكنشتاین، ئەندامی پارلەمانی ئورووپا كەوت.

‎لەم دانیشتنەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات بە وردی لەسەر ئامانجە دیاریکراوەکانی ئەم دیدارە قسەی کرد، هەروەها ڕاپۆرتێکی تایبەتی لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پێشکەش بە ئەندامی پارلەمانی ئورووپا كرد.

‎كنووت فلکنشتاین، ئاشنایەكی ئەوتۆی لەسەر پرسی كورد لە خۆرهەڵات نەبوو و پاش باسكردنی بابەتەكە لە لایان نوێنەرایەتی حیزبەوە بابەتەكە بەرەو ئاراستەی تێگەیشتن و لە هەمان كاتدا بەرجەستەكردنەوەی پێشێلكارییەكانی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە كورد ڕۆیشت. لە هەمان كاتدا ناوبراو بەلێنی دا هاوكاریی بەرجەستەكردنەوەی پرسی كورد لە خۆرهەڵات بێت. كنووت فلكنشتاین بە رەگەز ئالمانییە.

هه‌ر هه‌مان ڕۆژ نوێنه‌ری حیزب به‌شداریی له سێمینارێک کرد، که له ژێر سه‌ردێڕی "ستراتیژی ئورووپا له سه‌ده‌ی ٢١دا" له لایه‌ن ناوه‌ندی ئێگمۆنت پێک هاتبوو.