کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات سەردانی وەزارەتی دەرەوی وڵاتی ئاڵمان لە "بێرلینـ"ـی کرد

14:07 - 12 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕ، "مستەفا قازیزادە" نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، دانیشتنێکی لەگەڵ "ڕۆبێرت زیگفرید"، سەرپەرستی تیمی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوی وڵاتی ئاڵمان پێک هێنا.

لەو دانیشتنەدا، نوێنه‌ری حیزبی دێموکرات بارودۆخی ئێستای ڕێژیم کە دەستی بە تۆپباران و هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزب کردووە و هەروەها شەڕ و پێکدادانی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی ڕێژیم و پێشمەرگەی خستە بەر باس.

 لەو چاوپێکەوتنەدا، ئەو خاڵە ڕوون کرایەوە کە ئێران بۆ دەرچوون لە قەیرانەکانی، ئاژاوە لە ناوخۆ و دەرەوە دەخولقێنێ و بەشێکی ئەو ئاژاوانە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە دەبا.

 هەروەها لەو دانیشتنەدا سووربوونی هێزی پێشمەرگە لە پاراستنی حیزب و بەرپەرچدانەوەی پیلانەکانی ڕێژیم تاوتوێ کرا.

"مستەفا قازیزادە" هه‌وڵه‌کانی حیزبی دێموکراتی له چوارچێوه‌ی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کان بو ئێرانێکی فێدراڵ و چه‌ندین هاوپەیمانیی دیکەی خسته‌ به‌ر باس و هاوکاریی ناوخۆیی لەگەڵ حیزبەکانی کوردستانی لە چوارچێوەی بەرەی کوردستانی، باس کرد.

نوێنه‌ری حیزب هەروەها سه‌باره‌ت به ڕۆڵی وێرانکەری ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کرد و هەڵسوکەوتە سیخوڕییەکانی ئێرانی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەگشتی و لە ئاڵمان بەتایبەتی، وەک مەترسییەکی گەورە بۆ ئاشتی و دێموکراسی وەسف کرد.

لە کۆتایی ئەم دیدارەدا "قازیزادە" لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، سەرکوت و دەسبەسەرکردنی ڕۆڵەکانی کورد،  ئێعدامکرانی هیدایەت عەبدوڵڵاپور و هەروەها بارودۆخی کۆڵبەران باسێکی تێر و تەسەلی کرد.