کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات سەردانی پارلمانی ئورووپای کرد

11:18 - 16 رێبەندان 2719

لە چوارچێوەی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، "حیسام دەست‌پیش" نوێنەری حیزبی دێموکرات، لەگەڵ "ئەڤین ئێنجیر"، ئەندام پارلمانی ئورووپا دیداری کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی ڕێبەندان، "حیسام دەست‌پیش"، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە پارلمانی ئورووپا، دیدارێکی لەگەڵ "ئەڤین ئێنجیر"، ئەندام پارلمانی ئورووپا پێک هێنا.

لەم دیدارەدا لەسەر سێ بابەت باس کرا کە بریتی بوون لە: "هەڕەشەکانی سەر کوردی ڕۆژهەڵات لە کوردستانی باشوور، هەلومەرجی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات و هەروەها هەوڵدان بۆ بەرجەستەکردنەوەی کردەوەی پێشێلکارییە مرۆییەکانی ڕێژیمی ئێران".

"ئەڤین ئێنجیر" پاش تێبینی و پرسیارەکانی سەبارەت بە بابەتەکان، بەڵێنیی ئەوەی دا کە لە کاری کردەیی سەبارەت بە ڕەوشی کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە هەمان کاتدا ئاوڕدانەوە لە پرسی ڕێژیمی ئێران لە ئەمڕۆ و داهاتوودا، هاوکار بێت.

لە هەمان ڕۆژدا نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ "شارلی وایمێرز"، ئەندامی پارلمانی ئورووپا کۆ بووەوە.

لەو دیدارەدا نوێنەری حیزب بابەتەکانی پێوەندیدار بە پرسی کورد و پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی بەرجەستە کردەوە. لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەری حیزب هەوڵی دا بژاردە کردەییەکانی بخاتە بەردەست بۆ ئەوەیکە پارلمانی ئورووپا بە شێوەی کردەیی بەرەوڕووی ڕێژیمی ئێران ببێتەوە.