کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات سەردانی کۆنگرەی ئامریکای کرد

11:05 - 28 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی کۆنگرەی ئامریکای کرد و داوای پشتیوانیی ئەو وڵاتەی لە خەڵکی ناڕازیی کوردستان و ئێران کرد.

"ئارش ساڵح"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، سەردانی ''والتز''، ئەندام کۆنگرەی ئەم وڵاتەی کرد و دوایین ڕووداوەکانی ئێران و کوردستانی خستە بەر باس.

 لەم دیدارەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات وێڕای باس لە ناڕەزیاتی و سەرهەڵدانەکانی خەڵکی ئێران وتی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی چەند دەیەدا لە پێناو ئازادیی نەتەوەکەی و دێموکراسی خەباتی کردووە. واتە هەر هەمان ئەو بەهایانەی کە ئامریکا دەیەوێت خۆی بە نموونەی ئەوانە دەربخات و گەلانی دنیا هان بدات بەرەو ئەو نموونەیە هەنگاو بنێن. ئێستا کە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین وەکوو تاقە گەلێک کە هەنگاوی ڕاستەقینەی لەو پێوەندییەدا هەڵ هێناوەتەوە، ئەوەی کە ئامریکا ئەو هەوڵانە و ئەو گەلە پشتگوێ دەخات، پەیامێک و سیگناڵێکی عەمەلییە ڕێک لە پێچەوانەی ئەو دروشمانەی کە خۆی بە زمان باسی دەکات.

نوێنەری حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد، ڕێژیمی ئێران ئەگەرچی لەوانەیە لە داهاتوودا و بەتایبەت دوای هەڵبژاردن نەرمی بنوێنێت، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەم ڕێژێمە لە سروشتی خۆیدا دژایەتییەکی قووڵی لەگەڵ بەهاکانی دنیای ئازاددا هەیە و بە هیچ شێوە ناتوانێت نەزمی جیهانیی سەقامگرتوو لەسەر بنەمای ئەو بەهایانە پەسەند بکات.

"ساڵح" باسی لەوە کرد، سیاسەتی گوشاری لانیزۆری ئاراستەیەکی باشە، بەڵام ئەو سیاسەتە مادامێک کە لەگەڵ سیاسەتی پاڵپشتی لە ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەت ئۆپۆزسیۆنی کورد و نەتەوەکانی ئێران هاوڕا نەبێت، ناتوانێت ئاکامێکی ڕاستەقینەی بەدواوە بێت.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ڕۆژئاوا وتی، بۆ گەلی کورد جێگەی سەسووڕمانێکی گەورەیە کە ئامریکا بەو شێوەیە بە تەنیای بهێڵێت و ئەمە ڕەنگدانەوەیەکی خراپی لەسەر ئاستی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا هەیە.

هەروەها، "ئارش ساڵح" باسی لەوە کرد، گەلی کورد لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا کۆڵەکەیەکی بەهێزی ئازادیخوازی و دێموکراسییە، بەڵام بەتەنیا ناتوانێت شکست بە هێزە دژە دێموکراسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بێنێت کە بە سەدان و لەوانەش هەزار ساڵ تەمەنیان بێت و پەرەیان بە خۆیان دابێت. بۆیە پشتگیری نەکردنی دنیای ئازاد بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە خەباتی گەلی کورد، بەتایبەت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، پشتگوێ خستنی هەموو هێزە دێموکراتیکەکانی ئەو ناوچەیەیە.