کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا باسی خۆپیشاندانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کرد

13:01 - 2 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، لە دیدار لەگەڵ سێناتۆرێکی ئەو وڵاتەیە، باسی لە خۆپیشاندانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد.

"ئارەش ساڵح"، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەر، بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی سێناتۆر "جۆ ئێرنست" لە دۆخی سەرهەڵدانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران، سەردانی دەفتەری ئەو سێناتۆرەی کرد.

لەم دیدارەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات بە ئاماژەدان بە ئاماری زۆری کوژراوان، باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەریخست کە حەز و خواستی بۆ بەکارهێنانی زۆرترین ئاستی توندوتیژی بێ سنوورە.

"ساڵح" باسی لەوەش کرد، هەرکات ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕێژیم چ لە بەرانبەر خەڵکەکەی خۆی و چ لەهەمبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەست بداتە ئاستێکی زۆری توندوتیژی.

نوینەری حیزبی دێموکرات وتی، ئەمە پیشان دەدات کە ڕێژیمی ئیسلامی ڕێژێمێکی بەرپرس نییە بۆ ئەوەی متمانەی پێ بکرێت کە دەستی بە تەکنۆلۆژیی سەربازی و چەکی جۆربەجۆر بگات.

"ئارش ساڵح" لەو دیدارەدا باسی لەوە کردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ناوەندە جیاوازەکانی حیزبی دێموکرات کۆی کردوونەتەوە، نیوەی کوژراوانی ئەم سەرهەڵدانانە لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتن.

ناوبراو باسی لەوە کرد، ئەم ئامارە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێژیمی ئێران زیاتر لە هەر شتێک ترسی لە کوردستان هەیە و خواستی ئازادیخوازی لە کوردستان زیاتر لە هەموو شوێنێک بزوێنەری بزاڤە کۆمەڵایەتییەکانە. خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان لە هەر هەلێک کەڵک وەردەگرن بۆ ئەوەی لە بەرامبەر زوڵم و ستەمدا سەرهەڵدان بکەن.

پاشان نوێنەری حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد: "کاتێک باڵوێزی ئێوە لە ئاڵمان دەڵێت ئامریکا دەتوانێت ئینتێرنێت بۆ خەڵک دابین بكات، هەڵوێستەکانی کاربەدەستەکانی ئێوە لێرە لە ئاستی قسەکردن زیاتریان تێنەپەڕاندووە. خەڵکی ئێران چاوەڕوانی هەڵوێستێکی خێرا و بەکردەیی ئێوەیە".

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە درێژەی ئەو دیدارەدا باسی لەوە کردووە، شوێنێک کە خەڵک دەسەڵاتی بە دەستەوەیە شەقامە و شەقام دەسەڵات بە خەڵک دەبەخشێت و لە لایەکی دیکەوە هێزی دەسەڵات کەمتر دەکاتەوە.

"ساڵح" باسی لەوەش کردووە، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن لە شەقامدا بمێننەوە پێویستە کە ڕێژیمی ئێران وا هەست نەکات کە بەبێ هیچ کاردانەوەیەکی نێودەوڵەتی دەتوانێت سەرکوت بکات. بەڵکوو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ هەڵوێستێکی بە کردەوەیی هەم لە بەرامبەر پێکهاتەی گشتیی ڕێژیمی ئێران بنوێنێت و هەم لە بەرانبەر ئەو کەسانەی کە بەشدارییان لە سەرکوتەکان کردووە.