کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان، دیدارێکی لەگەڵ ئەندامی فراکسیۆنێکی حیزبی "سوسیال دێموکراتی ئاڵمان" پێک هێنا

12:22 - 10 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ، "مستەفا قازیزادە"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان دیدارێکی لەگەڵ "فرانک شوابی" (Frank Schwabe) ئەندام پارلمانی فراکسیۆنی حیزبی "سوسیال دێموکراتی ئاڵمان" و بەرپرسی فراکسیۆنی ئەو حیزبە لە شورای ئورووپا سەبارەت بە مافی مرۆڤ پێک هێنا.

نوێنه‌ری حیزبی دێموکرات سەرەتا باسی لە ئامانجی حیزبی دێموکراتی بۆ دامەزراندنی فێدراڵیزم لە چوارچێوەی ئێراندا کرد.

"قازیزادە" لەو دیدارەدا باسی لە چۆنیەتیی سەپاندنی شەڕ بەسەر نەتەوەی کورد لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە کرد و ئەوەی ڕوون کردەوە کە ڕێژیم بە دانپێدانەنان بە مافی کورد لە سەرەتادا هێرشی بۆ سەر کوردستان دەست پێکرد.

نوێنه‌ری حیزبی دێموکرات هەروەها باسی لە بارودۆخی ئێستای ڕێژیم و تۆپباران و هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزب و هەروەها شەڕ و پێکدادانی ئەم دواییەی نێوان هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم و هێزی پێشمەرگە تاوتوێ کرد.

نوێنه‌ری حیزب لەو دیدارەدا ئاماژەی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، سەرکوت و دەسبەسەرکردنی ڕۆڵەکانی کورد، لەسێدارەدانی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" و بارودۆخی کۆڵبەران کرد.