کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان وێبنارێکی بەڕێوە برد

12:25 - 28 خەرمانان 2720

"مستەفا قازیزادە" نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان لەگەڵ "فرانک هاینریخ" نوێنەری پارلمانی ئاڵمان، وێبنارێکی لەسەر مافی مرۆڤی نەتەوەکانی ئیران لە چوارچێوەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ بەڕێوە برد.

"فرانک هاینریخ" لەلایەن حیزبی دێموکرات مەسیحییەوە ئەندامی پارلمانی ئاڵمانە و بەرپرسی پرسی مافی مرۆڤی فراکسیۆنەکەیەتی لە پارلمان. هەروەها خاتوو "ماریۆن ڕێنکن" نوێنەری دەفتەری "پێتێر هایت" بەشدار بوو. "پێتیر هایت" لەلایەن حیزبی دێموکراتی ئازادەوە ئەندامی پارلمانە.

نوێنەری ئەو لایەنانەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ کە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربوون بریتین لە: "سازمان سیاسی و فرهنگی خلق ترکمن، حزب تضامن دمکراتیک اهواز، اتحاد دمکراتیک آذربایجان، حزب اتحاد بختیاری و لرستان، جبهه مردم بلوچستان".

"مستەفا قازیزادە" لە سەرەتادا کورتەیەکی لەسەر پێناسە و ئامانجەکانی کۆنگرە پێشکەش کرد. لە درێژەدا هەر یەک لە نوێنەری نەتەوەکان باسی تایبەتمەندیی نەتەوەکەی کرد و شی کردەوە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە چ شێوەیەک مافی مرۆڤی نەتەوەکەی پێشێل دەکات.

نوێنەری حیزب پێشتر دوو لیستی پێشکەش بە "فرانک هاینریخ" کردووە کە ناوڕۆکەکەی بریتی بووە لە: "دەسبەسەرکراوانی کورد لە ساڵی ٢٠١٩ کە ٣٥٨ کەس دەگرێتەوە. کۆڵبەرانی کوژراو و بریندار لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ کە ٣٨ کەس دەگرێتەوە".