کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە سوئید لەمەڕ بەندكرانی زارا محەممەدی نامەیەکی بۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ناردووە

16:41 - 4 رێبەندان 2721

"حەمید تەیمووری" نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوئید سەبارەت بە بەندکرانی ''زارا محەممەدی'' مامۆستای زمانی کوردی و چالاکی فەرهەنگی نامەیەکی لە سەر ئازار و ئەزیەتی سیستماتیک لە ئێراندا  بۆ''ئان لیندە'' وەزیری دەرەوەی سوئید ناردووە.

دەقی نامەکە بەم چەشنەیە:

''زارا محەممەدی'' تەمەن ٢٨ ساڵ و مامۆستا و چالاکی بواری فەرهەنگی لە کوردستانی ئێران، لە ٨ی مانگی ژانویە لە بەندیخانە دایە و ٥ ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپاوە. ئەم تاوانە بۆچی؟

زارا محەممەدی مامۆستایە و لە ماوەی دە ساڵدا خۆبەخشانە کاری کردووە، ناوبراو لە ڕێگای ڕێکخراوی فەرهەنگی نۆژینەوە وانەی کوردی بە منداڵانی کورد وتووەتەوە.

ئەرکی ئەم ڕێکخراوە، وەک نموونە وانە وتنەوەی کوردی بووە بە منداڵانی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانی  لەو هەرێمەدا. ئەرک و کردەوەکانی ناوبراو بووەتە هۆی ئەوەیکە لە ئاکامدا سزایان داوە بەوەی کە تاقم و گرووپ و لایەنگری پێکهێناوە بۆ ئەوەی ئاسایش و ئەمنییەتی نەتەوەیی تێک بدا.

ڕێکخراوەکە کە زارا محەممەدی بەرپرسیەتی، لە وەزارەتی نێوخۆوە ئیزنی فەرمی وەرگرتووە و لە بواری زمانی کوردیەوە چەند کۆڕسیان وتووەتەوە.

سەرەڕای ئەوەش چالاکیی فەرهەنگیان ڕێک خستووە و لەهەمان کاتیشدا ڕێکخراوەکە چالاک بووە لە هاوکاریی لێقەوماوانی لافاولێدراو و هاوکاریی ئەو کەسانەشی کردووە کە تووشی پەتای کۆرۆنا بوون.

لە ڕێکەوتی ٢٣ی مانگی ٥ی ساڵی ٢٠١٩ لە شاری سنە، زارا محەممەدی لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.

ئیتلاعات بە تۆمەتی ئەوەیکە گۆیا زارا محەممەدی هاوکاریی حیزبێکی دژبەری ڕێژیم دەکات دەسبەسەریان کرد. لەو کاتەوەی کە زارایان دەسبەسەر کرد ناوبراویان خستە ژێر زەبروزەنگەوە کە دان بەو تۆمەتە دابنێت کە ئیتلاعات دەیویست.

سەرەڕای ئەوە زارا محەممەدی بەپێی مادەی ٤٧٧ داوای پێداچوونەوەی بە حوکمەکەیدا کردووە، بەڵام لە دیوانی بەرزی وڵاتدا سزاکەی وەک خۆی هێشتووەتەوە.

 زارا محەممەدی تێدەکۆشا بۆ مافی خەڵکی مەدەنی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی  کوردەکان لە پارێزگای سنە بۆ ماوەی ٧ ساڵ و خۆبەخشانەش دەرسی کوردی بە منداڵانی کورد وتووەتەوە، ئەمەش بەپێی کۆنواسیۆنی مافی منداڵان هەموو منداڵێک مافی خۆیەتی بە زمانی خۆی بخوێنێ و بنووسێت.

زارا محەممەدی بە تەنیا نییە، ئاکامەکەی ئەوەیە کە فایلی ناوبراو یەکێکی تر لەو پێشێلکاریانەیە کە ڕوو دەدەن بۆ نەتەوەکانی تر و کەمینە مەزهەبیەکان و وەک کەمینە ئێتنیکەکانی تر لە ئێراندا.

پرسیاری من لە بەڕێز ''ئان لیندە'' وەزیری دەرەوە ئەوەیە:

ئایا وەزیر بیروبۆچوونی خۆی لەسەر ئەزیەت و ئازار و کپکردنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک کە بە شێوەی سیستماتیک لە ئێران بەردەوامە، دەردەبڕێ؟