کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە پارلەمانی ئاڵمان دیدارێکی پێکهێنا

11:30 - 27 رێبەندان 2719

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پارلەمانی ئاڵمان، دیدارێکی لەگەڵ ئەندام فراکسیۆنێکی حیزبی "چەپـ"ـی ئاڵمان پێکهێنا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٤ی ڕێبەندان، "مستەفا قازی‌زادە"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی ئاڵمان، دیدارێکی لەگەڵ "دیتمار بارچ"، ئەندامی پارلەمانی فراکسیۆنی حیزبی "چەپـ"ـی ئاڵمان بە ناوی (Die Linke)کە سەرۆکی ئەو حیزبە پێکهێنا.

لەو دانیشتنەدا، نوێنه‌ری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای باسێکی گشتی بەنیسبەت سیاسه‌ته‌کانی حیزبی دێموکرات، ئامانجی حیزبی دێموکراتی بەنیسبەت پرسی کورد له کوردستانی ڕۆژهەڵات و داهاتووی ئێران و پرسی فێدراڵیزم ڕوون کرده‌وه.

قازی‌زادە، هه‌وڵه‌کانی حیزبی دێموکراتی له چوارچێوه‌ی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کان بو ئێرانێکی فێدراڵ و چه‌ندین هاوپەیمانیی دیکەی خسته‌ بەر باس.

ناوبراو باسی هاوکاریی ناوخۆیی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان لە چوارچێوەی بەرەیەکی کوردستانیدا کرد.

نوێنه‌ری حیزبی دێموکرات بەنیسبەت ڕۆڵی  وێرانکەری ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا قسەی کرد و هەڵسوکەوتە سیخوڕانەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە ئاڵمان و بەگشتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی وەک مەترسییەکی گەورە بۆ ئاشتی و دێموکراسی وەسف کرد.

"قازی‌زادە"، له بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژه‌ی به بارودۆخی ئێستای مافی مرۆڤ له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کرد.

هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا، باری ئاڵۆزی وڵات، پێشێلکردنی بێسنووری مافی مرۆڤ لە کاتی سەرکوتی دڕندانەی خۆپیشاندانەکانی ئەو دواییانە و سەرکوتی زیاتری گەلی کورد هاتە بەر باس و گفتوگۆ.

"قازی‌زادە"، هەروەها ئاماژەی بە پەلەقاژەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کرد کە لەودواییانەدا هەوڵ دەدات لە ڕێگای هەڵبژاردنەکانی ڕۆژانی داهاتوودا ڕەواییەتی خۆی نیشان بدات و هەڵویستی حیزبی دێموکرات کە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانە ڕوون کردەوە.