کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی ٩٤مین ساڵوەگەڕی داگیرکردنی ئەلئەحواز بەشداری کرد

12:46 - 9 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕۆژهەڵاتی کانادا، لە ڕێوڕەسمی ٩٤مین ساڵوەگەڕی داگیرکردنی ئەلئەحواز بەشداری کرد.

ڕۆژی شەممە، ٧ی بانەمەڕ، ''تەها حەسەنیانی'' نوێنەری حیزبی دێموکراتی  کوردستانی ئێران، لە ڕۆژهەڵاتی کانادا، لە ڕێوەرەسمی ٩٤مین ساڵوەگەڕی داگیر کردنی ئەلئەحواز بەشداری کرد، کە لە لایەن سکرتێری گشتیی ڕیکخراوی "بەرەی دێموکراتیکی گەلی عەرب ئەلئەحواز" بانگهێشت کرابوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا تەها حەسنیانی، لە سەرەتادا، سەرەڕای دەربڕینی هاوخەمی بە بۆنەی کارەساتی لافاوی چەند حەوتووی ڕابردوو لە شار و گوندەکانی ئەلئەحواز، سەبارەت به ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانی پالەوی و کۆماری ئیسلامی وتی: ڕێژیمی ڕووخاوی پاشایەتی ئێران نزیک بە سەدەیەک پێش بە لەنێوبردنی پیاوماقووڵەکان و تێکۆشەرانی گەلی ئێوە دەستی دایە سیاسەتێکی شووینیستی کە لە درێژەی ئەم سیاسەتە هەوڵی گۆڕینی  دێمۆگرافی ناوچەی ئەلئەحوازی دا و هەروەها لە درێژەی ئەم سیاسەتەدا دەنگی هەر چەشنە ناڕەزایەتییەکی کپ کرد.

نوێنەری حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد، ڕێژیمی داگیرکەری پالەوی، گەلانی بندەستی ئێرانی لە مافەکانی وەک خوێندن بە زمانی زگماکی، بەڕێوەبردنی ناوچەکان بە دەستی خەڵکی نیشتەجێی ئەو ناوچانە و هەروەها بەهرەمەندبوون لە سەرچاوە سروشتییەکان بێبەری کردووە.

حەسنیانی وتی: دوای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەم سیاسەتە چەوتە خراپتر لە پێشوو پەیڕەو کرا و ئێستا ئەلئەحواز و گەلانی بندەست لە ئێراندا زۆر بێڕەحمانە دەچەوسێنەوە.

ناوبراو وتی: ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەتەواوی لەگەڵ ئەم پێشێلکارییانە ئاشناین و دەزانین زوڵم و داگیرکاری تا چە ڕادەیەک قورس و گرانە و چەندە دەتوانێت هەست و ڕۆحی نەتەوەیەک بریندار بکات، ئێمە لە تەنیشت ئێوە و هەموو نەتەوەکانی زوڵملێکراوی ئێرانین.

هەروەها، نوێنەری حیزبی دێموکرات وتی: هاوخەمی و هاوکاریی ئێمە دەتوانێت پاشەکشە بەم داگێرکارییە بێنێت، بۆیە پێویستە دەنگمان بەرزتر و حزورمان لە پێشوو پڕڕەنگتر بێت و بێوچان لە هەموو ئامرازەکان کەڵک وەرگرین، هەتا بە جیهان ڕابگەینین کە ئێمە لە ژێر زوڵم و زۆرداین و خەڵکەکەمان بێبەزەییانە دەچەوسێنرێنەوە.