کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆنفڕانسی ساڵانەی "ئایپکـ"ـدا بەشداریی کرد

10:30 - 15 رەشەمه 2719

ڕۆژانی یەکشەممە هەتا سێشەممە ڕێکەوتی ١١ هەتا ١٣ی ڕەشەمە، ڕێکخراوی "ئایپک" کۆنفڕانسی ساڵانەی خۆی لە شاری واشنتۆنی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا بەڕێوە برد.

"ئارش ساڵح"، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا لەسەر بانگهێشتی ئەو ڕێکخراوەیە لەو کۆنفڕانسەدا بەشداریی کرد.

لەو کۆنفڕانسەدا دەیان بەرپرسی سیاسی لە هەر دوو وڵاتی ئیسرائیل و ئامریکا و هەروەها سەدان لێکۆڵەر و ئاکادیمیسییەن بەشدار بوون.

لە هەر ڕۆژێکی ئەو کۆنفڕانسەدا لە هەر دانیشتنی گشتی کە هەزاران کەسی لە خۆ دەگرت، دەیان پانێلی وتووێژ لە چەندین هۆڵی جیاواز بە بەشداریی پسپۆڕ و سیاسەتوانان لەسەر بابەتە سەرەکییەکانی سیاسەت، پێوەندیی نێودەوڵەتی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڕێوە دەچوو.

بابەتی ئێران و هەروەها بابەتی کورد دوو بابەتی سەرەکیی پانێلە جیاوازەکانی نێو کۆنفڕانسەکە بوون.

ئەو کۆنفڕانسە هەروەها هەلێکی زۆر باش بوو بۆ کۆکردنەوەی لایەنە جیاوازەکانی بڕیاردەر لە سیاسەتی جیهانیدا.

بوونی کەسانی جیاواز لە بوارە جۆربەجۆرەکانی سیاسەت و کۆمەڵگە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەلێکی گرینگ بوو بۆ پێکهێنانی پێوەندی و ئاڵوگۆڕی بیر و بۆچوون.

"ئارش ساڵح"، نوێنەری حیزبی دێموکرات کە لەو کۆنفڕانسەدا بەشدار بوو، توانی لە پەراوێزی ئەم کۆنفڕانسەدا چەندین چاوپێکەوتن لەگەڵ کۆمەڵێک لە بڕیاربەدەستان و لێکۆڵەرانی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا پێک بێنێت.