کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆنگرە "چێلی پینگریـ"ـدا بەشداریی کرد

11:42 - 17 رەشەمه 2719

''ئارەش ساڵح''، نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ شاندێکی ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان سەردانی دەفتەری ئەندام کۆنگرەی ئامریکا، "چێلی پینگری" کرد.

لەم چاوپێکەوتنەدا کە بە مەبەستی بەرزکردەوەی دەنگی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران هاتبووە ئاراوە، باس لە ''ڕۆڵی کاریگەری ئەو نەتەوانە لە داهاتووی ئێراندا بۆ بونیاتنانی وڵاتێکی دێموکرات و ئاشتیخواز کرا''.

''ئارەش ساڵح'' لەم چاوپێکەوتنەدا بە ناوبردن لە نەتەوە جیاوازەکانی ئێران وتی: "تێگەیشتنێکی هەڵەی ڕۆژاوا هەیە بەنیسبەت ئێران، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەرچی دەزانن کە ئێران خاوەنی چەندین نەتەوەیە بەڵام هێشتا چاوەڕوانی گۆڕانکارین لە چوارچێوەی گەلی سەردەست و لە دەلاقەی گەلی سەردەستەوە دەڕواننە ئەو گۆڕانکارییانە".

 نوێنەری حیزبی دێموکرات باسی لەوەش کرد: "ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەهۆی تێکچوونی باری دێموگرافیی ئێران کە ئیتر فارس زۆرینە نییە و بەهۆی بەرزبوونەوەی وشیاریی نەتەوەیی لەنێو ئەو نەتەوانەدا، گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێران زیاتر لە پێش لەژێر کاریگەریی پەراوێزەکان دەبێت''.

نوێنەری حیزبی دێموکرات هەروەها باسی لەوە کرد کە نەتەوەکانی ئێران ئێستا لە ئاستێکی باشدا خەریکی هاوکاری کردنن لەگەڵ یەکتر و هەروەها چەندین هەوڵی باش دراوە کە هەندێک لایەنی فارس زمان کە باوەڕیان بە مافی چارەنووس یان سیستمی فیدراڵ لە ئێراندا هەیە بێنە نێو چوارچێوەی ئەو هاوکارییە.

لە کۆتاییدا نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا داوای کرد کە کۆنگرەی ئامریکا لانیکەم بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک کە ناوی نەتەوەکانی ئێران بەڕوونی بهێنرێت، هەبوونی ئەو نەتەوانە بەفەرمی بناسێت و هەم ئەوەی پێشێلکردنی مافەکانیان لە چوارچێوەی یاسا و نۆرمە نێونەتەوەییەکان مەحکووم بکات.