کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆڕی دانیشتنی "کێ لە هەڵبژاردنی داهاتووی پارلەمانی ئورووپا دەیباتەوە" بەشداری کرد

11:38 - 15 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئورووپا، لە دانیشتنێکدا سەبارەت بەوەی کە کام گرووپ لە هەڵبژاردنی داهاتووی پارلەمانی ئورووپا دەیباتەوە، بەشداری کرد.

لە چوارچێوەی چالاکیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، "حیسام دەستپیش"، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە پارلەمانی ئورووپا و بلژیک لە دانیشتنێکدا سەبارەت بەوەی کە کام گرووپ لە هەڵبژاردنی داهاتووی پارلەمانی ئورووپا دەیباتەوە، بەشداری کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی ڕەشەمە، لەسەر داوایی "لەمبێرت وان نیسترۆی، ئەندام پارلەمان لە لیستی کریستیان دێموکراتەکان دانیشتنێکدا سەبارەت بە پێشبینیکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پارلەمانی داهاتووی ئورووپا بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای دانیشتنەکەدا دوو ناوەند کە کار لەسەر دەنگدان و هەڵبژاردن دەکەن، پێشبینییەکانی خۆیان باس کرد. لە ئەنجامی ئەو ڕاپرسیانەی ئەنجامیان داوە، لەو باوەڕەدا بوون کە پارتە ڕاستڕەوەکان لە ڕادیکاڵ بۆ میانەڕەو دەنگی زیاتر دێننەوە. لە درێژەی باسەکەدا سێ کەسی تر کە یەک لەوان وتەبێژی پێشتری کۆمیسیونی ئورووپا بوو (ئەندرۆ فیلدینگ) بیروبۆچونی خۆیان خستەروو.

لە مانگی سێی ١٣٩٨هەتاوی، هەڵبژاردنی پارلەمانی ئورووپا بەڕێوە دەچێت، بۆیە زۆربەی ناوەندەکانی ئورووپا خەریکی ڕاڤەکردنی ئەم باسەن کە کام گرووپ یان گرووپگەلێک جڵەوی ئورووپا بەدەستەوە دەگرێت.