کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەپارلمانی ئورووپا دیدارێکی پێکهێنا

10:37 - 16 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: "حیسام دەستپیش" نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئورووپا، لەگەڵ ئەندام پارلمانێکی ئورووپا کۆ بووە و لەسەر دۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات گفتوگۆی کرد.

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە چوارچێوەی چالاكیی پێوەندییەكانی دەرەوەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، "حیسام دەستپیش" نوێنەری حیزبی دێموکرات، لەگەڵ "پێتری سارڤاما"(Petri Sarvama) ئەندام پارلمانی ئورووپا لە گرووپی پارتی جەماوەری ئورووپا؛ دێموکرات مەسیحییەكان كۆ بووەوە.

بە مەبەستی گەیاندنی دۆزی ڕۆژهەڵات، شیكردنەوەی وەرزی نوێی خەبات و هەروەها پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، "حیسام دەستپیش" نوێنەری حیزبی دێموکرات، لە یەكیەتیی ئورووپا و بلژیک چاوی بە پێتری سارڤاما ئەندامی پەرلەمانی ئورووپا كەوت.

لەم دیدارەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات بە وردی لەسەر ئامانجە دیاریکراوەکانی ئەم دیدارە قسەی کرد. هەروەها راپۆرتێکی تایبەتی لەسەر پێشڵکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پێشکەش بە ئەندامی پارلمانی ئورووپا كرد.

پێتری سارڤاما كە پێشتر ڕۆژنامەوان بووە، ئاشنایی لەگەڵ پرسی كوردا هەبوو. پاش خستنە بەردەستی چوارچێوەی كاری ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەم هەنگاوەی بە هەنگاوێكی گرینگ ناو برد و داوای یەكگرتنی زیاتری لە كورد و ئۆپۆزیسیونی ئێرانی كرد.

لە كۆتایی دیدارەكەدا سارڤاما جەختی کردەوە كە هاوكاری پرسی كورد لە خۆرهەڵات بن لە كارەكانی داهاتوودا.