کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەریی حیزبی دێموکرات لە ئامریکا بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کرد

17:49 - 5 رێبەندان 2720

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی٣٠ی بەفرانبار "ئارەش ساڵح" نوێنەریی حیزبی دێموکرات، بەشێوەی فەرمی بانگهێشتی کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی لە وڵاتی ئامریکا کرا.

لەسەرەتای کۆبوونەوەدا لێکۆڵەری ئامریکایی "ژیۆ وانگ" کە چەندین ساڵ لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیـ"ـدا بووە وتارێکی پێشکەش کرد.

پاشان "پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئامریکا باسی لە پێوەندیی نێوان ڕێژیمی ئێران و گرووپی چەکداریی "ئەلقاعیدە" کرد و ئێرانی بە ماڵی دووهەمی "ئەلقاعیدە" ناوبرد.

"پۆمپێئۆ" ڕایگەیاند زانیاریی تەواویان هەیە لەسەر ئەوەیکە ئێران بووەتە ماڵی دووهەمی "ئەلقاعیدە" و ماوەیەکی زۆرە ئەو زانیارییانەمان هەیە بەڵام ئێستا دەیخەینە بەر دەستی ڕای گشتی.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە نامەیەکمان لەبەردەستدایە کە لەودا "بن لادن" بە شوێنکەوتووانی "ئەلقاعیدە" دەڵێت ئێران سەرچاوەیەکی گرینگە بۆ ئێمە و قەت نابێ دژی ڕێژیمی ئێران شەڕ بکەین مەگەر ئەوەی ناچار بین.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا باسی لەوە کردووە ئەو ڕێبەرانەی "ئەلقاعیدە" کە لە ئێراندا دەژین لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە وەکوو کارتی گوشار بەکاردەهێنرێن، هەر بۆیە ڕێژیمی ئێران کاریگەریی لەسەر ئەو ڕێکخراوە هەیە.