کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆروێژ؛ وێبینارێک بۆ ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان بەڕێوە چوو

21:36 - 30 سەرماوەز 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەز، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، وێبینارێکی بۆ ڕێزگرتن لە پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، بە کۆڕگێڕیی "کاوە بەهرامی" بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و "قادر ئەلیاسی" پێشمەرگەی دێرین و هونەرمەندی دیاری گەلەکەمان، بەڕێوە برد.

وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێ کرد و پاشان خۆلەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان ڕاگەیەندرا.

دواتر "عەباس نامی" بەڕێوەبەری وێبینار، وێڕای بەخێرهاتنی کۆڕگێڕان و بەشدارانی وێبینار، پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە مێژووییەی لە بەشدارانی وێبینار و خەڵکی کوردستان بەگشتی کرد.

پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ لەلایەن بەرپرسی کۆمیتەی گشتی "ئیسماعیل عەلیپوور" پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن "موژدە چاوشینی" پێشکەش کرا.

لە نێوئاخنی وێبینارەکە، هونەرمەندی پێشمەرگە "قادر ئەلیاسی" مەقامە شێعرێکی پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی وێبینارەکەدا "کاوە بەهرامی" بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان باسێکی پڕنێوەڕۆکی سیاسیی پێشکەش بە بەشداران کرد.

ناوبراو زۆر بە وردی پێناسەی پێشمەرگەی کرد و باسی لە چوونیەتیی دروستبوون و کاریگەریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و وتی: "ئەو شانازییە بۆ کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە کە هێزە شۆڕشگێڕەکانی ئەوکات لە مەهابادی پایتەختی کۆماری کوردستان کۆتاییان بە دوایین دەزگای سەرکوتکاری ڕێژیمی حەمەڕەزا شا هێنا و ناوی پیرۆزی پێشمەرگەیان لەسەر باسکی چەکداری کورد دانا".

هەروەها "نادر قودرەتی" لە بەشی فەننیدا هاوکاری بەڕێوەبەری وێبینارەکە بوو.

لە کۆتاییدا "قادر ئەلیاسی" سروودێکی لەژێر ناوی "پێشمەرگە" پێشکەش کرد.