کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیۆیۆرک: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە کۆبوونەوەی بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدارییان کرد

12:17 - 30 سەرماوەز 2721

ڕەوەندی کوردستانی لە وڵاتانی ڕۆژاوایی، بۆ هاودەنگی لەگەڵ خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان دژ بە داگیرکاران و بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرهەق بەو ستەم و زوڵمەی لێیان دەکرێت، چەندین جار خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان لە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە باڵاکانی وڵاتانی بڕیاربەدەست ئەنجام داوە و بەم جۆرە وێڕای دژایەتیکردنی داگیرکەران، هاوکات سۆز و پشتیوانیی خۆشیان بۆ کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی دووپات کردووەتەوە.

٢٦ی سەرماوەز کە لە ڕۆژهەڵات و باشوور وەکوو ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگە ناسراون، لە بەردەم ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەوەندی کوردستانیی هەر چوار پارچە بەشدار بوون و نامەیەکیان گەیاندە نەتەوە یەکگرتووەکان.

لەو نامەیەدا هاتووە: "لە کاتێکدا گەلان مافی دیاریکردنی چارەنووسیان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان سەلمێندراوە، خەڵکی کوردستان تاکوو هەنووکەش لەو مافە ڕەوایە بێبەش کراون. پێویستە ئەو ڕێکخراوە جیهانییانە ئاوڕ لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بداتەوە و هەوڵ بدات کۆتایی بە زوڵم و زۆری داگیرکەرانی کوردستان لە دژی خەڵکی کوردستان بهێنێت و سەبارەت بە سیاسەتی ڕەشەکوژی و تێرۆر و ئێعدام لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە دژی خەڵکی کوردستان، سیاسەتێکی چالاک و کاریگەر پەیڕەو بکات".

ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە ئامریکا لەژێر ڕاسپاردەی کۆمیتەدا لەو کۆبوونەوەدا بەشداریی چالاکانەیان کرد.