کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد بە ئێعدام مەحکوووم کرا

09:35 - 2 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری شنۆ لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە ئێعدام مەحکووم کرا.

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محیەدین ئیبراهیمی" تەمەن ٤٠ ساڵ، کوڕی محەممەد، دانیشتووی گوندی "ئاڵکاوێ" سەر بە شاری شنۆ، لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە ئێعدام مەحکووم کرا.

ئاژانسی هەواڵدەریی "کوردپا" لە هەواڵێکدا حوکمی ئێعدامی ئەو هاووڵاتییە کوردەی پشتڕاست کردووەتەوە.

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامەتی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران" بە حوکمی ئێعدام مەحکووم کردووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسداران بریندار و دەسبەسەر کرا.

نابراو دوای ئەوەی کە بە برینداری دەسبەرسەر دەکرێت بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ  بێ هیچ چارەسەرییەکی پزیشکی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای "سەیەدولشۆهەدا"ی ورمێ ڕادەگوازرێت و ئەشکەنجە دەدرێت.

ئیراهیمی ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە دادگاییکردنێکدا لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" و بێ بوونی پارێزه حوکمی ئێعدامی بۆ دەبڕدرێتەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ساڵی ٨٩ی هەتاویش بە تومەتی " هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران" دەسبەسەر کرابوو کە دوای تێپەڕاندنی ماوی حوکمەکەی لە زیندانی ورمێ، ئازاد کرا.

برایەکی ناوبرا بە ناوی "نورەدین ئیبراهیمی" ساڵی ٩٦ بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاتی کۆڵبەری گیانی لە دەست دا.