كه‌ریم په‌رویزی
ڕۆژی ١١ی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٣٥٧ی هه‌تاوی چه‌ند مانگ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌شێك له ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بۆ نێوخۆی وڵات و چالاكیی نهێنی و ڕێكخستنی له نێو كۆمه‌ڵگادا، دوای ئه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران دژی ده‌سه‌ڵاتی ملهۆڕی پاشایه‌تی سه‌ركه‌وت، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رینی جه‌ماوه‌ریدا ڕێبه‌ری نه‌ته‌وه‌یی كورد، دوكتور قاسملووی نه‌مر مزگێنیی به‌رده‌وامیی خه‌باتی گه‌ل بۆ گه‌یشتن به مافه‌كانی دا و ڕایگه‌یاند لێره به‌دواوه ئه‌م چالاكی و تێكۆشان و گیانفیداییه به ئاشكرا به‌ڕێوه ده‌چێ و ڕۆژی مێژوویی ١١ی ڕه‌شه‌مه بوو به ڕۆژی په‌یمان نوێكردنه‌وه‌ی حیزبی دێموكرات و خه‌ڵكی كوردستان بۆ ده‌سته‌وملان بوون تا گه‌یشتن به هه‌واری به‌رزی ئازادی.
ئه‌و ڕۆژه به ده‌یان هه‌زار كه‌س له گۆڕه‌پانێكی مه‌هاباد، هه‌مان شوێن كه كۆماری كوردستانی تێدا دامه‌زرا بوو كۆبوونه‌وه. ده‌سه‌ڵاتی ملهۆڕی پاشایه‌تی كه سه‌رده‌مێك ڕایده‌گه‌یاند كه ئه‌رته‌شه‌كه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راستدا ژاندارمی ناوچه‌كه‌یه و نه‌زم و ئه‌منیه‌تی ده‌سكردی خۆیان ده‌سه‌پێنن به سه‌ر ناوچه‌دا، لێك هه‌ڵوه‌شایه‌وه و شا هه‌ڵهات! له مه‌هابادیش كۆبوونه‌وه‌ی سه‌د هه‌زار كه‌سی بۆ پێشوازی له درێژدهرانی ڕێبازی كۆمار به‌ڕێوه چوو!
له‌م ڕۆژانه‌دا ئه‌رته‌شی ڕووسیه به هه‌موو جۆره چه‌كێكی باڵستیك و به فڕۆكه و به درۆن و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی و نیه‌تی هێرشی كردۆته سه‌ر ئۆكراینای دراوسێی! له‌م شه‌ڕه نابه‌رامبه‌ردا ڕووسیه‌ی دووهه‌مین ئه‌رته‌شی به‌هێزی جیهان وای دانابوو كه له ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێردا پێته‌ختی ئۆكراینا ده‌گرێ، به‌ڵام زیاتر له ١٠ ڕۆژه هه‌ر له دووره‌وه چاو له پێتهختهكه ده‌كا و به مووشه‌ك و بۆمب به‌سه‌ر شاره‌كانی ئۆكرایندا نه‌هامه‌تی ده‌بارێنێ، له‌ولاشه‌وه ئه‌رته‌شی ئۆكراینا و خه‌ڵك به كه‌مترین ئیمكانات و هه‌ندێ جاریش به ده‌ستی به‌تاڵ به‌ره‌وڕووی تانكی ڕووسی ده‌بنه‌وه.
له‌م شه‌ڕه نابه‌رامبه‌ردا ڕه‌نگه ڕووسیه بتوانێ به هێزی نیزامی بڕواته نێو كیێفی پێته‌ختیش، به‌ڵام بۆ هه‌تاهه‌تایه له دڵ و ده‌روونی خه‌ڵكی ئۆكراینا ده‌ر كراوه و دوژمنایه‌تییه‌كی هه‌تاهه‌تایی بۆ خۆی كڕی.
ئه‌وه‌ی كه خۆڕاگری له ئۆكراینا به‌هێز ده‌كا نه‌ك مووشه‌كی بالستیك یان ناوكییه، به‌ڵكوو ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كه بۆ به‌رخۆدان و هه‌ر ئه‌و ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌ش بۆ ده‌ربازبوون له ژێرده‌ستی و چاوله‌ده‌ستیی ڕووسیه بوو كه ڕووسیه‌ی نیگه‌ران كرد و هێرشی نیزامیی كرده سه‌ریان.
ئۆكراینێك كه له باری كه‌لتووری و مێژووییه‌وه له‌گه‌ڵ ڕووسیه زۆر نزیك و تێكه‌ڵاو بووه، گه‌یشت به‌و ڕاده‌یه كه خۆی له ڕووسیه ده‌رباز بكا و سه‌ربه‌خۆیی سیاسیی خۆی له دانیشتن له په‌نا ده‌ستی ڕووسیه پێ باشتر بوو. ده‌ربازبوون له ژێرده‌ستی ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ویست و خۆڕاگری له‌به‌رامبه‌ر دووهه‌م ئه‌رته‌شی گه‌وره‌ی جیهاندا به‌و ئیراده‌وه به‌ڕێوه ده‌چێ.
كه ئه‌م سه‌ربورده‌یه چاو لێده‌كه‌ی، دووباره ده‌گه‌ڕێینه‌وه گۆڕه‌پانه‌كه‌ی مه‌هاباد و كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوكتور قاسملوو له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی كورد كه هه‌م ده‌یه‌ویست له ژێرده‌ستی ڕزگاری بێ و هه‌م چه‌ند مانگ دواتر له‌به‌رامبه‌ر فه‌رمانی جه‌هادی خومینیدا خۆڕاگرییه‌كی بێوێنه‌ی كرد. مێژوو سه‌لماندوویه‌تی و ده‌یسه‌لمێنێته‌وه هه‌رچه‌ند چه‌ك بۆ پاراستنی خۆت و دیفاع له بوونت پێویسته به‌ڵام ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كان و وه‌رزه مێژووییه‌كان یه‌كلا ده‌كاته‌وه ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌ییه بۆ خۆسه‌لماندن و پێداگری له‌سه‌ر بوون و كه‌رامه‌تی مرۆیی و نه‌ته‌وه‌یی.