کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەكانی رێژیمی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر سەرقاڵی وەرگرتنی پارە لە دانیشتوانی ناوچەی هەورامانن

22:33 - 2 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: هێزە چەكدارەكانی رێژیمی ئێران لەپاسگای ژاڵانە ماوەیەكە گوشاریان خستۆتە سەر دانیشتوانی ئاوایی دەرەكێ‌لەناوچەی هەورامان.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، هێزەكانی پاسگای ژاڵانە هەتا ئێستا چەندین كەسیان بە بیانووی جۆراوجۆر خستۆتە ژێر گوشارەوە و هەروەها پارەشیان لێ‌ئەستاندوون.
ماوەیەك لەمەوبەر هێزەكانی پاسگای ژاڵانە دەستیان بەسەر تراكتوری هاووڵاتییەك كە خەریكی بردنی سووتەمەنی بۆ پۆمپی ئاو لەمووچەكەیان بوو، گرت.
ئەو هێزانە نزیك بە ٢٠ رۆژ تراکتۆری ئەو هاووڵاتییەیان راگرتووە و دواتریش داوای ٤ میلیۆن تمەنیان لێ‌كردووە.
لەلایەكی دیكەوە ماوەی حەفتەیەك لەمەوبەر هێزەكانی پاسگای ژاڵانە دەستیان بەسەر ماتۆری دانیشتوویەكی ئاوایی دەرەكێ بە ناوی حوسێنیدا گرت و دوای ئەزیەت و ئازار و ئەستاندنی پارە لەخاوەنەكەی ماتۆرەكەیان پێ‌داوەتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا چەند رۆژ لەمەوبەر هەر ئەو هێزانە چوونەتە نێو ئاوایی دەرەكێ‌و دەستیان بە كۆ كردنەوەی ماهوارەی دانیشتوانی ئاواییەكە كردووە.
ئەو هێزانە وێڕای بێ‌حۆرمەتی بە خەڵكی ژمارەیەك ماهوارەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
یەكێك لەدانیشتوانی ئاوایی دەرەكێ‌بەماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، خەڵكی ئاواییەكە بەدەست ئازار و ئەزیەتی هێزەكانی پاسگای ژاڵانەوە وەزاڵە هاتوونە و هەر رۆژە و بیانوویەكمان پێ‌دەگرن و ناهێڵێن ئاسایش و ئەمنیەتمان هەبێ‌.