کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەتا وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی فەرماندە حەسەن سەرسپی دەست لە تێکۆشان هەڵناگرین

17:34 - 10 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کۆمیتەی گشتیی حیزی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئید، بە بۆنەی کۆچی دواییی تێکۆشەر و فەرماندەی دێرینی حیزبەکەمان حەسەن زارعی ناسراو بە مام حەسەن سەرسپی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:  

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ڕایدەگەیەنین، کە سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ٩ی بانەمەڕ، "مام حەسەن سەرسپی" تێکۆشەر و فەرماندەی دێرینی حیزبەکەمان و ئەندامی چالاک و دڵسۆزی کۆمیتەی سوئید، لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و درێژەدانی ڕێگای پڕ لە سەروەری شەهیدان و ڕێبازی پیرۆزی دێموکراتی بە هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی سپارد.

"حەسەن زارعی" ناسراو بە "مام حەسەن سەرسپی" ساڵی ١٣١٨ی هەتاوی، لە گوندی "سەڵواتاوا" لە دەڤەری سنە لە دایک بووە.

لە تەمەنی مێرمنداڵیدا ڕێگەی باشوری کوردستانی گرتەبەر و لە دەڤەری هەڵەبجە نیشتەجێ بوو.

لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی باشوری کوردستاندا، چەکی ئازادیی نیشتمانی لە شان کرد و تا ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی و تێکچوونی شۆڕش لە سەنگەری بەرخۆداندا مایەوە.

دوای ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی، جارێکیتر گەڕایەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری سنە، درێژەی بە ژیانی ئاسایی خۆی دا، بەڵام بەردەوام بیری لە ئازادیی نەتەوە و نیشتمانەکەی دەکردەوە.

لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، کە شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت و خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستی پێ کرد، مام حەسەن سەرسپی خێرا چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کردەوە و جارێکی تر چووەوە سەنگەری ئازادی کوردستان و یەکێک لە فەرماندە دیار و بەرچاوەکانی ئەو سەردەمە لێ دەرچوو، کە چەندین حەماسە نەبەزی و بوێری لەو قۆناغەدا تۆمار کردووە.

لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا لە ناوچەکانی سنە، کامیاران، کرماشان، مەریوان و بنکەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات لە بناری قەندیلدا ئەرکی جۆراوجۆری بە ئەستۆ بووە و لە هەموو ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بووە و بەوپەڕی دڵسوزییەوە ڕایپەڕاندوون.

حەسەن سەرسپی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی و دوای تۆپبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بە هۆی بەساڵاچوویی ناچار بوو، ڕوو لە هەندەران بکات و لە وڵاتی سوئید مافی پەنابەری وەرگرت.

لە وڵاتی سوئێدیش مام حەسەن یەکێک لە ئەندامانی چالاک و دڵسۆزی کۆمیتەکەمان بوو و بەردەوام لە چالاکی و بۆنە حیزبی و نەتەوەییەکاندا بەشداری کردووە و ڕۆڵی کاریگەریشی هەبووە لە هاندان و پشتیوانیکردنی کۆمیتەکان و ئەندامانی حیزب لەو وڵاتەدا.

مام حەسەن سەرسپی لە ژیانی پێشمەرگایەتیی لە کوردستان و لە ژیانی پەنابەریی لە هەندەراندا، وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات و خەمخۆری دۆزی ڕەوای گەلەکەی و هەموو کورد و کوردستان بەگشتی بوو.

بەداخەوە مام حەسەن سەرسپی، دوای زیاتر لە ٥٠ ساڵ خەبات، وەک تێکۆشەرێکی ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان، بە ئاواتی ڕزگاری نیشتمانەکەی و گەڕانەوە بۆ زێدەکەی، چاوەکانی بۆ هەمیشە وێکنا و دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.

وەک کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكرات لە وڵاتی سوئید، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری مام حەسەن بەتایبەتی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکەمان بەگشتی دەکەین و لەگەڵ ڕۆحی هەرگیز نەمری مام حەسەن پەیمان دەبەستین کە تا وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی، درێژەدەری ڕێگای پیرۆزی بین و دەست لە تێکۆشان بەر نەدەین.

یاد و ناوی مام حەسەن هەر بەرز و زیندوو ڕادەگرین و ڕۆحی پاکی شاد بێت.

بە سپاسەوە:

کۆمیتەی گشتیی حیزی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئید

٢٩ی نیسانی ٢٠١٩ی زایینی بەرامبەر بە ٩ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی