کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"هەق" لەدار نادرێ

17:44 - 30 سەرماوەز 2721

کەریم پەرویزی

له‌ وێنەیەکی مێژوویی هێرشی سوپای خومه‌ینی بۆ سه‌ر كوردستان له‌ بانه‌، سێ نەوەی بەدوای یەکداجێیان گرتوه‌. یەکیان باپیر ، ئەویتر منداڵێکە لەسەر گڵكۆی باوكی. نەفەری سێهەم، لە ژێر خاکە، لە دڵی نیشتمان جێی گرتوە. باوکی شەهید لەگەڵ کوڕی شەهید لەسەر گڵکۆی پیرۆزی شەهیدە ئازیزەکەیان رۆنیشتوون و هەرکام روانینێکیان هەیە بۆ  ژیانیان، یەکیان تێی پەڕاندوە و ئەوی دی بەم رووداوە دێتە ژیانەوە.

کاتی خۆی دەسەڵاتدارنی ملهوڕ کە نەیاندەویست دەنگی هەقبێژی ببیستن، مەنسووری حەللاجیان لەدار دا ، بەتاوانی ئەوەی دەیگوت "اناالحق". ئەوان وایان دەزانی سێدارە و لەداردان رێگە چارەیە بۆ نەبیستن و سڕینەوە، چوونکە ترس لە مردن و لەنێوچوون هەموو مانای ژیانیانی داگیر کردبوو و تەنیا و تەنیا چێژ وەرگرتنێکی ئاسایی خۆیان لە خوێنڕشتنیان بەلاوە گرنگ بوو و بۆیە پێیان وابوو کە سێدارە دەبێتە ئەو ترسە گەورەیەی کە خەڵکی پێ چاوترسێن دەکەن و "هەق"ی پێ دەکوژێننەوە.

فەرماندەرانی لەداردانی مەنسووری حەللاج مردن و بە سەرشۆڕی لەنێو چوون و ناویان بۆ هەتاهەتایە وەکوو دێوەزمە لە مێژوو و حیکایەتەکاندا دەوترێتەوە. ناوی مەنسووری حەللاجیشە بەسەر داری سەربەستیەوەیە و بانگی ئەنەلهەقی چرکە بە چرکە بە گوێی ئازا و ئازادە و هەقبێژەکاندا دەگوترێتەوە و زایەڵەی دەنگی مافخوازیی شۆڕشگێڕان تا هەتایە  بە گوێی نەوە بە دوای نەوەدا دەداتەوە.

سەدان ساڵ دواتر، لەسەر هەمان کورسیی سەرەڕۆیی و ستەمکاری، تاریکبیرانی جەماران دانیشتوون و فەرمانی لەداردان دەر دەکەن. ئەوان پێیان وایە کە کورەکەی شەهید عەلی گەر لەدار بدەن ، ئیدی کارەکەیان تەواوە و دەنگی هەقبێژی دەبڕنەوە.

ئەوان وایاندەزانی کە بە کوژرانی شەهید عەلی و شەهیدەکانی دیکە، نەتەوەی کورد و کوردستانیان بێدەنگ و ملکەچ دەکەن و سەریان شۆڕ دەبێتەوە بۆ فەرمانی ملهوڕەکانی تاران، بەڵام کوڕانی شەهیدان و رۆڵەکانی گەل پێگەیشتن و حەیدەر هاتە مەیدان تاکوو بانگی هەق بڵێتەوە. ئەمجارە تاریکبیرانی جەماران و گۆپاڵ بەدەستەکانیان وایانزانی تەنیا کارێک ماوە ئەوەیە کە کوڕانی شەهیدیش لەدار بدەن تاکوو تۆوی سەربەرزی و مافخوازی لە کوردستان بنبەڕ بکەن.

رۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ فەرمانی مەرگەکەیان دەرکرد، بەڵام خۆیان لەو فەرمانەیان زەندەقیان چووبوو! هەر بۆیە لە تاریکیی شەو و بەدزیەوە حەیدەری کوڕی شەهید و رۆڵەی نیشتمان و رێبواری ڕێگای قاسملووی نەمریان شەهید کرد و هەر بەدزیەوە تەرمەکەیان خاک کرد چوونکە لە دەنگی شەهید حەیدەر دەترسان.

بەڵام وەکوو هەمیشە نەیانزانی کە هەق لەدار نادرێ. بەڵکوو بە هروژمیان بۆسەر هەقیقەت دەبنە هۆی زیاتر و بەرفراوانتر بوونی دەنگی هەقیقەت و هەقبێژی و هەمان رۆژ خەڵکی کامێران لەبەر ماڵی شەهید حەیدەر کۆبوونەوە و هاواریان کرد کە شەهید نەمرە وەکوو شاخ ، وەکوو شار ، وەکوو ژیانەوەی خەبات وەکوو سەرهەڵدانەوەی نەوەی خەباتکاری چاونەترس، وەکوو وەرزی راسان.