کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵێکی نوێی ڕێژیم بۆ پۆلیسی‌ترکردنی فەزای شارەکانی کوردستان

19:35 - 7 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ناوەندە ئیتلاعاتی و بەناو ئینتزامییەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز بەمەبەستی هەرچی زیاتر پۆلیسی کردنی کەشی ئەم شارە دەستیان کردووە بە ڕەشبگیری.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوراشەممەی رابردوو کاتژمێر ١١ی نیوەڕۆ، هێزێکی دەمامکدار هێرشیان کردە سەر ئاوایی ئاڵتوونی سەروو لە ٥ کیلۆمیتری شاری سەقز و منداڵێکی ١٥ساڵانیان لەگەڵ خۆیان بەناوی ئوسامە بردووە.

بەوتەی ئەم سەرچاوەیە ئەم منداڵە کوڕی سدیقی شەماڵ مەزرەییە کە قوتابی مەدرەسەی بە ناو "علوم دینی" ئاوایی ئاڵتوونە کە پاش دەسبەسەر کردن دەیبەن بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و دواتر  هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەیان و لەوێ باوکی بە ناوی سدیق دەستبەسەر و ڕەوانەی ئیتلاعاتی دەکەن.

شایانی باسە کە ئەو مێرمنداڵە ١٥ سالانەیە رەوانەی شوێنێکی ناروون لە سنە کراوە.

بەوتەی شایەتحاڵان و چەند کەسی نزیک لە رووداوەکە شیمانەی ئەوە دەکرێ کە سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات خەریکی داڕشتنی سەناریۆیەکی ناڕوونن کە لەودا ئەو منداڵە ١٥ سالەیە و بنەماڵەکەی قوربانی سەرەکین. 

سەرچاوەکە دەڵێ ئەگەری زۆرە کە سپای پاسداران بە تەمایە ئەو دەنگۆیە بڵاو بکاتەوە کە تۆڕێکی تێرۆریستی لە سەقز گیراوە و قوربانییەکان بە زۆر بهێننە سەر تلویزیۆن و ڕێژەی گوشارەکان بۆ سەر چالاکانی سیاسی لە ناوچە زیاد بکەن.