کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە سۆئید سەردانی شارداریی "ستۆکهۆڵمـ"ـیان کرد

18:32 - 21 خەرمانان 2721

ڕێکەوتی ١٨ی خەرمانان هەیئەتی پێوەندییەکانی هەر دوو لایەنی دێموکرات کە پێکهاتبوون لە "حەمید تەیمووری"، "جەمیلە حەسەنخاڵی"، "سۆزان فەتحی" و "ئەسعەد یووسفی" بە فەرمی بۆ شارداریی "ستۆکهۆڵم" بانگهێشت کران.

ئەو هەیئەتە لەگەڵ پارلەمانتارانی سوسیال دێموکرات "توماس هاماربێری"، "ئاندرس ئۆێستێربێری" و "کادیر کاسیرگا" چاوپێکەوتنیان کردووە.

لەو دیدارەدا باس لە چەند پرس و بابەتی جیاواز لەبارەی کوردستان کراوە.

باس لە هەڕەشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر حیزبی دێموکرات و باقی حیزبەکانی دیکەی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان کراوە.

لەو سەردانەدا باس لە کێشە نێوخۆییەکانی ڕێژیمی ئێران وەک کۆرۆنا، قەیرانی دەوا و دەرمان، نەبوونی بنکەی تەندروستی، خۆپیشاندانەکان، هەڵکشانی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان و مەترسی سەپاندنی حوکمی سێدارەی "حەیدەر قوربانی"، لەنێوبردن، سووتان و کاولکردنی ژینگە و وشککردنی سەرچاوە ئاوییەکانی بە ئەنقەستی کوردستان لەلایەن ئەو ڕێژیمە کراوە.

هاوکات باس دەستێوەردانەکانی ڕێژیم ئێران بۆ مانەوەی دەسەڵات و پەرەپیدانی ئیدئۆلۆژیی مەزهەبیی خۆی لە ناوچەکە، پەرەسەندنی تێرۆریزم و ڕفاندنی دژبەرانی ئەو ڕێژیمە کرا.

دواتر لەو پێوەندییەدا پارلەمانتاران ئەوەیان باس کرد کە ئەم هەڕەشانە زۆر جیدین و تێدەکۆشین کە ئەم کێشانە پۆلێنبەندی بکەین و وەک پێشنیار بیدەینە پارلەمان و پاشان بیخەنە بەردەستی وەزیری دەرەوەی وڵاتی سۆئید.

هەیئەتی دوو لایەنی دێموکرات داوایان لەو پارلەمانتارانە کردووە کە پرسی کورد و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران فۆرمۆلە بکەن و بیدەنە پارلەمانی ئۆرووپا، نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا.