کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتی پەیوەندیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئید دیدارێکی پێک هێنا

13:37 - 15 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هەیئەتی پەیوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی سوئید دیدارێکیان لەگەڵ نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەیییەکانی حیزبی مودرات پێک هێنا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی خاکەلێوە، هەیئەتی پێوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی سوئید ''حەمید تەیموری'' و ''جەمیلە ‌حەسەنخاڵی''، لەگەڵ مارگارێتا سێدرفەلت Margareta Cederfelt، نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەیییەکانی حیزبی مودرات، لە پارلەمانی ئەو وڵاتە، دیدار و چاوپێکەوتنیان پێک هێنا.

لەم دانیشتنەدا  تەوەری گفتوگۆکان ئەم خاڵانەی خوارەوە بوون:

-باسێکی کورت لەسەر خەباتی حیزبی دێموکرات و ئۆرگانیزەکردنی سەرجەم ڕێکخراەکان و بەگشتی پێشمەرگە و ڕاهێنان لە هەموو بوارێکدا. بوونی هێزی پێشمەرگە لە چیاکان و سروشتی کوردستان و درێژەی چالاکیی هێزی پێشمەرگە لە نێو خەڵکی کوردستان و خۆئامادەکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ هەموو ئەگەرێک لە داهاتوودا.

ـ بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەسبەسەریی لاوانی کورد، بە بیانووی گرتنی جێژنی نەورۆز، نموونەی ئەو سێ لاوەی گوندی نێ کە سزای ١٦ ساڵیان بە سەردا سەپێنراوە. کوشتنی کۆڵبەران بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم و بریندارکردنیان بە ئەنقەست بووەتە ڕووداوی ڕۆژانە و ڕۆژ نییە کۆڵبەرێک نەکۆژرێت یان بریندار نەکرێت.

ـ باسی ڕێژەی ئێعدامەکانی مارسی ٢٠١٨ تاکوو مارسی ٢٠١٩، کە دەبێتە ٢٧٣ کەس و لەوانەش ٧٠ کەسیان لە لاوانی کورد بوون.

ـ ئێعدامی پێنج ژن لە ئێراندا کە سێ لەو ژنانە کورد بوون، خۆ کوشتنی ٦ کەس لە ماوەی حەوتوویەکدا کە دوو کەسیان لە تەمەنی ژێر ١٨ ساڵیدا بوون و هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی بژیوی ژیان دەگەڕێتەوە، ڕێژەی بێکاری لە هەڵکشاندایە. باری ئابووری خەڵک لەوپەڕی شپرزەیدایە و ڕێژیمی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر گوشاریان بۆ خەڵک هێناوە. نەبوونی دەوا و دەرمان، نەبوونی بنکەی تەندروستی و بێداهاتی وای کردووە، کە زۆربەی لاوانی کورد ڕوو بکەنە کاری کۆڵبەری و سێنگی خۆیان بکەنە قەڵغانی گولـلەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران 

ـ هەڵنەگرتنی مین لەسەر سنوورەکان و ناوچە کشتوکاڵییەکان کە بوونەتە بەڵڵای گیانی خەڵک .

ـ ئێعدامی دوو لاو لە شاری سنە، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا بە هۆکاری ئەوەی کە ئەندامی حیزبی دێموکرات بوون.

ـ ئێعدام و کوشتنی ٨٠٠ ڕۆژنامەچی لە ساڵی ڕابردوودا، کە "ئامنستی ئینترناسیوناڵ" لە ڕاپۆرتێکی ساڵانە خۆی باسی کردووە.

ـ ناردنی یارمەتیی دارایی لە لایەن ڕێژیمەوە بۆ گرووپە تێروریستییەکانی وەک حیزبوڵڵا و  دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی باشووری کوردستان و پارچەکانی تری بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە لەو ناوچانە پەرەپێدان بە ئیدئۆلۆژی و بیری مەزهەبی و دووبەرەکییخستن لە نێو چین و توێژە جیاکانی ناوچەکە.

ـ گەمارۆی ئابووری بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە لایەن ئامریکاوە، چەند بەرانبەر ڕێژیمی خستووەتە تەنگانەوە و نرخی کاڵا لە ئێراندا چەند قات زیادی کردووە، کە خەڵک توانای  کڕینی پێداویستییەکانیان نییە.

ڕێژیمی ئێران لەجیاتی ئەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ ئەو قەیرانانە بدۆزێتەوە کەچی یارمەتی بۆ گرووپە تێروریستییەکان دەنێرێت و باسی ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکان لە سووریە و لوبنان دەکات.

سەرەڕای ئەمانەش لافاو خەسارێکی زۆری بە ناوچەکانی کرماشان و گوندەکانی ڕوانسەر و لوڕستان و تەنانەت شاری گوڵستان و شیراز گەیاندووە و ڕێژیمی ئێران لەجیاتی ئەوەی یارمەتی خەڵک بدات، تانک و تۆپ بۆ نێو شارەکان ڕەوانە دەکات و کونترۆڵی خەڵک دەکات. سەرانی ڕێژیم تەنیا بەڵێن دەدەن و هیچ کردەوەیەکیان تاکوو ئێستاش نیشان نەداوە. ئەمانە ئەو خاڵە سەرەکییانە بوون کە باسمان لەسەر کردن و کۆمەڵێک شتی تر.

''مارگارێتا''، سپاسی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کرد و باسی لەوە کرد، کە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بە کردەوەی تێرۆریستی و خەڵک فریودان و دەستێوەردان ناسراوە و بەداخەوە دەست لە کاری تێرۆریستیی هەڵ ناگرێت.

هەرچەند ئێمە باسی ئەو تێروریستانەی ڕێژیمی ئێرانمان کرد، کە دەیانەویست لە دانمارک فەڕانسە و ئاڵمان و بلژیک و هولەند کردەوەی تێروریستی ئەنجام بدەن و بە خۆشحاڵییەوە پولیس دەسبەسەری کردوون. یان باسی ئەو دوو تێروریستەی سپای پاسدارانمان کرد کە لە کنیا دەسبەسەر کراون و حوکمی ١٥ ساڵ زیندانییان بۆ بڕاوەتەوە.

ناوبراو وتی: کە ئێمە هەمیشە باسی کورد لە دیبەیتەکانی خۆمان دەکەین، کە چۆن بە شێوەیەکی سەردەمیانە دیفاع لە خۆیان دەکەن و بەتایبەتی چۆن دژی ڕێکخراوی تێروریستی داعش وەستانەوە و بەرگرییان کرد، بەڵام هەمیشەش کوردەکان دەبنە قوربانی و وڵاتانی داگیرکەر هەردەم لە کەمیندان بۆیان. دەیانەوێت بە هەموو جۆرە مێتۆدێک لە نێویان بەرن.

ناوبراو وتی: ئێمە وەک مودرات لە باسەکانی خۆماندا باسی کێشەی کورد بەگشتی لە هەر چوارپارچەی کوردستان دەکەین و کێشەی کورد کێشەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە بە پیجەوانەی داگیرکەران کە هەردەم مەزهەب دەکەن بە پێوەر بۆ داگیرکردن و لەنێوبردنی گەلانی تری.

''سێدرفەلت ''باسی ئەوەی کرد کە ڕاپۆرتی سێپۆ (مخابراتی سوئید) نووسیویەتی: کە ڕێژیمی ئێران سیخوڕی زۆری بۆ وڵاتی سوئید ناردووە و لە سوئید دەژین.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات باسی کرد، کە حیزبی دیموکرات پێش هەموو شتێک پێویستی بە پاڵپشتی سیاسییە و ئینجا مادی و مەعنەوی، حیزبی مودرات دەتوانێت کێشەی کورد لە کوردستانی ئێران بخاتە نێو ئاجندای خۆیانەوە و بیکەنە پرسێکی نێونەتەوەیی و لە پارلەمانی سوئید و ئورووپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی بکەن.

''سێدرفەلت'' وتی: کە ئەم پرسە لەگەڵ ناوەندی سیاسیی خۆیان باس دەکەن و لەسەری بە وردی دەدوێن و ئەوەش بزانن ئێمە هەردەم پاڵپشتی یخۆمان لە کورد دەردەبڕین ، تێدەکۆشین بۆ هەموو گەلانی ئێران کە  مافی مرۆڤ لەو وڵاتانەدا و بەتایبەتی ئێران پێشێل نەکرێت و مافی نەتەوەکانی تری وەکوو ئازەری، بەلووچ، عەرەب، تورکمەن لە بەرچاو بگرن.