کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزب و UNPO لە ناوەندی ABF لە ستۆکهۆڵم، دیدارێکیان پێک هێنا

13:14 - 14 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە ولاتی سوئیددا، لەگەڵ ڕێکخراوی UNPO لە ناوەندی  ABF دیدارێکیان پێک هێنا. مەبەستی ئەم دیدارە هاوکاری و هەماهەنگیکردن لە ناوەندی ABFدا بووە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی جۆزەردان، هەیئەتێکی پێکهاتوو لە "حەمید تەیموری"، نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دیموکرات لە سوئیددا، "جەمیلە حەسەنخاڵی" نوێنەری نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە سوئیددا و "ناسر بولادایی"، بەرپرسی گشتی ڕێکخراوی UNPO، چوونە ناوەندی ABF و لەگەڵ "ئاربونیتا ئالیوو"، کۆردیناتۆری نێونەتەوەیی، دیداریان کرد.

لەو دیدارەدا، "ناسر بولادایی"، وەک بەرپرسی UNPO، باسێکی لەسەر نەتەوەکانی ئێران هێنایە بەرباس و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم نەتەوانە لە سەرەتاییترین مافی خۆیان بێبەشن و ناوچەکانیان لە لایەن ئەرتش و سپاوە داگیرکراوە و ئەوەی کە داوای مافی خۆی کردووە زیندان و کوشتن بەشی بووە.

ناوبراو هەروەها وتی: "نەتەوەکانی پێکهێنەری وڵاتی ئێران، زمانی فارسی بە سەریاندا سەپاوە، هەر بۆیە نەتەوەکانی ئێران ئەم دەسەڵاتە و ئەم نیزامە و نیزامەکانی پێشووتریان قەبووڵ نەبووە و داوای نیزامێکی فیدراڵی لە ئێراندا دەکەن کە هەموو نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران، مافی وەک یەکیان هەبێت."

"ناسر بولادایی"، لە درێژەدا وتی: "خەباتی ئێمە لە ئێراندا، بۆ بەدەستهێنانی دێموکراسی، مافی یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتییە."

دواتر، "جەمیلە حەسەنخاڵی"ش، باسی لە کوردستانی ئێران، کوژرانی ڕۆژانەی کۆڵبەران بە دەستی سپاییەکانی ڕێژیمی ئاخوندی، بێدەرەتانیی خەڵک، هەڵکشانی بێکاری لە کچان و کوڕان پاش خوێندندا و هەروەها هەڵکشانی خۆکوژی کرد.

پاشان "حەمید تەیموری"، باسێکی لەسەر حیزبی دێموکرات و هەلومەرجی کوردستانی ئێرانی هێنایە بەرباس و وتی: "خەباتی گەلی کورد، چ لە سەردەمی شا و چ لەم چل ساڵەی دواییدا، بێوچان نەوەستاوە و ئەم نیزامانەیان پێ قەبووڵ نەبووە و هەردەم لە دژیان لە تێکۆشاندا بووە. هەر بۆیە گەلی کوردیش لەگەڵ نەتەوەکانی تری ئێران، ڕێکخراوی UNPOیان دامەزراندووە، تاکوو پێکەوە بتوانن بە هاوکاری و هاوخەباتیی یەکتر، ئێرانێکی فیدراڵ پێک بهێنن و هەمووان وەک یەک مافیان هەبێت."

هەروەها جەختی کردەوە کە حیزبی دێموکرات و گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا، داوای کۆمەڵگایەکی یەکسان، دێموکراسی و فیدراڵی بۆ هەموو گەلانی ئێران دەکەن و لەو بوارەشدا خەباتی بۆ دەکەن.

داواکاریی هەیئەت لە ناوندی  ABFئەوە بوو کە تاکوو چەندە ئامادەن هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی UNPO بکەن. ABF گەڵاڵەی زۆریان هەیە کە هاوکاریی زۆرێک لە ڕێکخراو و نەتەوەکانی تر دەکەن و پێکەوە گەڵاڵە بەڕێوە دەبەن.

هەر لەم پەیوەندییانەدا، "ئاربونیتا ئالیوو"، بەڵێنیی دا کە ئەم باسانە لەگەڵ هاوکارانی تاوتوێ بکات، تاکوو بتوانن لە داهاتوودا پێکەوە، بۆ بەڕێوەبردنی سمینار و کۆڕ و کۆبوونەوە لەسەر نەتەوەکانی ئێران و هەلومەرجی ئێران و ناوچەکە، پرۆژەیان هەبێت.