کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لە وڵاتی سوید کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی رەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستی حەمید تەیموری نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب لە وڵاتی سوید و ئەنوەر کاکایی و ناسر عەزیزی چوونە نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەڕێز بەختیار عەبدولرەحمان نوێنەری پێوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لە وڵاتی سوید کۆبوونەوە.
لەم دیدار و چاوپێکەوتنەدا، کۆمەڵێک باس کە پێوەندی بە کوردستانەوە هەبوو ئاڵۆگۆڕ کران و لەو بوارەدا بۆچوونەکانی خۆیان لەسەر ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان باس کرد کە بریتین لە:
ـ کێشە و گرفتەکانی نێوان حیزبە کوردییەکان و یەکڕیزی نێو ماڵی کورد
ـ قوربانی دان و یەک قبووڵ کردن و پاراستنی دەسکەوتەکان
- هەڵبژاردنەکان و کێشەی نێوان حیزبەکان و شەڕی کورسی و دەسەڵات بە گشتی
- هەلومەرجی ناوچەکە و ئاڵوگۆڕەکان لە داهاتوو کە کورد چۆن کەڵک لەو هەلومەرجانە وەربگرێ و ئەرکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارئاسانی بۆ کوردانی سوید و دەوروبەر و سەفەر کردن بۆ وڵات و پێویستییەکان چی دەبن
ـ پاڵپشتی نوێنەرایەتی حکومەت لە چالاکی و پرۆژەی بەکەڵکی کوردانی سوید و دەوروبەری
هەروەها هەیئەتی حیزب زۆر سپاسی بەڕێز بەختیار عەبدولرەحمانیان کرد بۆ ئەو میواندارییە و لە لای خۆیەوە ناوبراو زۆر سپاسی هەیئەتی حیزبی کرد و جەختی لە چاوپێکەوتنی دووبارە کردەوە و سپاسی هاوبیری و هاوکاری حیزبی کرد لە هەموو بوارەکاندا لە وڵاتی سوید و تەنانەت کوردستانیش.