کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات سەردانی پارلەمانی سوئیدی کرد

11:14 - 15 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی نوێنەرایەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی لیبراڵ لە  پارلەمانی وڵاتی سوئید دیدار و چاوپێکەوتنیان پێک هێنا.

ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی ڕەشەمە، هەیئەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حەمید تەیمووری لەگەڵ جەمیلە حەسەنخاڵی بە مەبەستی دیدار و چاوپێکەتن لەگەڵ نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی لیبراڵ فرێدریک ماڵم Fredrik Malm سەردانی پارلەمانی سوئیدیان کرد.

لەم چاوپێکەتنەدا کۆمەڵێک خاڵی پێوەندیدار بە حیزبی دێموکرات، کوردستان و ئێران بەگشتی باسی لەسەر کرا، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکرێت.

ـ هەلومەرجی هەنووکەیی حیزبی دێموکرات لە ناوچەکە و ڕاگرتنی باڵانسی سیاسی و پێکهاتنی تەوافق و هاوکاریی لەگەڵ حیزبی دێموکرات و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا. بەردەوامیی ڕاسان و بوونی هیزی پێشمەرگە لە نێو خەڵک و چالاکیی تەبلیغی و دانی زانیاری لەسەر داهاتووی کوردستان و ئێران بەگشتی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئۆرگانیزەکردنی ناوەندەکانی حیزب لە هەموو بوارێکدا.

ـ کێشەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زۆڵم و زۆری ڕێژیمی ئێران دژ بە خەڵکی کورد بەردەوامە، هەڵکشانی بێکاری، گرانی و نەبوونی دەرفەت بۆ بژیوی ژیان، خۆپیشاندانی مامۆستایان لە شارەکانی کوردستان و هەماهەنگیکردن لەگەڵ مامۆستایانی شارەکانی تری ئێران، گرتن و ڕاونانی لاوانی کورد بەردەوامە، سزای هەڵواسینی لاوانی کورد بەردەوامە و تەنانەت سزای ئیعدام بەسەر سێ منداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵیان دەر کردووە. سەرجەم لە دەستپێکی ساڵی نوێیەوە تاکو ئێستا ٦٩ کورد ڕاپێچی بەندیخانە کراون. تاکوو ئێستا ٤ کەس لە نەخۆشخانەکان بە هۆی هەڵەی دەرمانی گیانی خۆیانیان لە دەست داوە کە ئەمەش مێتودی نوێی ڕێژیمە کە بەم جۆرە لاوەکان لە نەخۆشخانەدا دەکوژن. ڕادەی خۆکوشتن لە نێو پیاوان و ژنانی کورد هەڵدەکشێت، بە هۆی قەیرانی ئابورییەوە کە ڕێژیمی ئێران هیچ هاوکارییەک بە هەژران ناکات. تەنیا لە شاری ورمێ ٧٠٠٠ ئەندازیار بێکارن، هەر لە شاری ورمێ نزیکەی ٢٥٠ هەزار کەس پارواێزنشینن. بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان هێشتا لە کانکس و خێوەتدا دەژین و ڕێژیمی ئێران هیچ ئاوڕێکیان لێ نادات.

 کەچی ڕێژیمی ئێران باسی ئەوە دەکات کە لە سووریەدا ٢٠٠ هەزار خانووبەرە بونیات بنێت.

ـ کێشەی کۆڵبەران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەراپتر دەبێ و هەر چوار ڕۆژ جارێک کۆڵبەرێک بە تیری سپای پاسداران دەپێکدرێت. هەر لە مانگی فیوریە تاکو ئێستا نزیکەی چل کۆڵبەر کۆژراو و بریندار بوون. سەرەڕای کوشتنی کۆڵبەران تەنانەت بارگینەکانیشیان دەدەنە بەر دەسڕێژ و دەیانکوژن. ئەم ڕێژیمە تەنانەت بەزییشی بە حەیوانەکانیشدا نایەتەوە.

قوتابخانەکان لە قەیراندان، خەرج و باجی قوتابخانەکان دەخەنە سەر باوک و دایکان و ئەوانەی کە لەبەر هەژاری ناتوانن خەرج و باج بدەن منداڵەکانیان لە قوتابخانەکان وەدەر دەنێن. تێرۆریستانی سایبری سپای پاسداران هەڕەشە لە خەڵک دەکەن کە گوێ لە ماس میدیای حیزبی دێموکرات نەگرن، هەر کەسێ بگرن ئەو کارەی کردبێت سزای کوشتنە. بەرپرسانی قوتابخانەکانی سەلاسی باوەجانی پارێزگای کرماشانیان بانگهێشت کردووە و بەڵێننامەی پێی ئیمزا کردووە کە چوارشەممە سوورییان یاساغ کردووە  کە خەڵک بۆی نییە ئەو ڕێوڕەسمە ئەنجام بدەن.

ژێنگەپارێزان و چالاکانی مەدەنی لە کوردستان گیانیان لە مەترسیدایە و تەنانەت ڕاپێچی بەندیخانەیان دەکەن. ژینگەی کوردستان لە مەترسیدایە، ڕێژیمی ئێران لە شاری مەریوان نزیکەی ٢٠٠ دار کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەد ساڵ لەمەوبەر هەموویانی بڕیوەتەوە و لەنێوی بردوون و تەنانەت ئاوری بەر داوەتە دارستانەکانی کوردستان.

باسی کوشتن و ئێعدامی ٨٠٠ ژۆڕنالیست لە ماوەی چل ساڵی حوکمی ئاخوندەکان لە ئێراندا. باسی خۆپێشاندانەکانی شارەکانی ئێران و گرتن و ڕاونانی کاسبکارانی بازاڕەکان و خۆپێشاندانی شارەکانی ئێران بەردەوامە و ڕێژیمی ئاخوندی لەوپەڕی قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیشدایە. ڕێژیمی ئێران بۆ مانەوەی خۆیان دەست بۆ هەموو شتێکی زەبروزەنگ دەبن و هەموو نەتەوەکانی تری ئێران وەک بەلووچ، ئازەری، عەرەب و تورکمەن لەوپەڕی خەراپیدان. کۆمەڵێک لە سەرانی ڕێژیمی ئێران بەدزییەوە سامانی خەڵکی دەدزن و بۆ دەرەوەی وڵات هەڵدێن، دانانی مەلایەکی خوێنڕیژی وەک ئیبراهیمی ڕەئیسی کە بکوژی زیاتر لە سێ هەزار کەس لە ئێرانە، دەتوانێت چ کێشەیەک لە بواری مافی مرۆڤ چارەسەر بکات. گرتنی ٧ هەزار کەس لە بەندیخانەکانی ئێراندا کە لاریجانی نکۆڵی لێ دەکات.

ـ ڕادەست کردنی لیستی ناوی ئەندامانی حیزب کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە تێرور کراون، هەروەها لیستی زیندانییانی کورد لە ڕۆژهەڵات و نامەی هاوبەشی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ کۆنفرانسی وەرشۆ.

''ماڵم ''بە وردی  گوێ لەم باسانە گرت و سپاسی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ڕوونکردنەوەیە کرد، ناوبراو کۆمەڵێک پرسیاری کرد کە لە لایەن هەیئەتەوە وڵام درایەوە و جەختی لەسەر دیدار و چاوپێکەتنەکان کردەوە.

هەیئەتی حیزب داوایان کرد کە حیزبی لیبراڵ لە پشتیوانی و هاوکاری خەباتی حیزبی دیموکرات دژ بە ڕێژیمی داگیرکەری ئێران بەردەوام بێت. و هەروەها کێشەی کورد ببەنە ناوەند و دامەدەزگاکانی حکومەتی سوئید و بۆ ئەوەی گوشار بۆ ڕێژیمی ئاخوندی بێنن بۆ دابینکردنی مافی مرۆڤ و لەبەرچاوگرتنی مافی نەتەوەکانی کورد و سەرجەم نەتەوەکانی پێکهێنەری وڵات ئێران.

لە کۆتاییشدا ناوبراو سپاسی هەیئەتی حیزبی کرد و هەیئەتیش سپاسی ناوبراویان کرد بۆ ئەو دیدار و چاوپێکەتنەدا.