کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات سەردانی "ڕیچارد ڕتەکلیفـ"ـیان کرد

12:09 - 31 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ھەیئەتێکی کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری لەندن، هاودەردی و پشتیوانیی خۆیان لە هاوسەری "نازەنین زاغری" دەربڕی.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی جۆزەردان، ھەیئەتێکی کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە مەبەستی ھاودەردی و پشتیوانی لە مانگرتنی ھاوسەری ''نازەنین زاغری'' سەردانیان کرد و بۆ چەند ساتێک لەگەڵی بوون و پشتیوانیی خۆیان لە ''ڕیچارد ڕتەکلیف'' دەربڕی .

"نازەنین زاغری"، ھاووڵاتیی ئیرانی- بریتانیایی، ماوەی سێ ساڵە لە ئێراندا، لە لایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، بە تاوانی سیخوڕی، دەسبەسەر و زیندانی کراوە و حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندراوە. هەروەها "نازەنین زاغری"، نکۆڵی لە هەموو ئەو تۆمەت و تاوانانەی کردووە کە دراونەتە پاڵی.

"نازەنین" ئێستا لە زینداندا مانی لە خواردن گرتووە و ھاوسەرەکەشی لە لەندەن بۆ پشتیوانی لە نازەنین و بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی ڕێژیمی ئێران، لە بەر دەرگای سەفارەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، لە ڕۆژی ٢٥ی جۆزەردانەوە دەستی داوەتە مانگرتن و بەو هۆیەشەوە، نیگەرانیی بۆ باڵوێز و کارمەندانی سەفارەتی ئێران، دروست کردووە.

پێشتر، وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا چەندین جار داوای لە ڕێژیمی ئێران کردبوو کە نازەنین ئازاد بکات، بەڵام ڕێژیمی ئێران هەموو داواکانیانی ڕەت کردبووەوە.