کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی کاک "عەلی قازی" لە ئاڵمان بەشداری کرد

12:29 - 23 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕ هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە "لەعلا کەیخوسرەوی، حیسام ئەحمەدی و سیاوەش محەممەدی" لە پرسە و سەرەخۆشیی خوالێخۆشبوو کاک "عەلی قازی" کوڕی پێشەوا قازی محەممەد کە لە شاری "کۆڵنـ"ـی وڵاتی ئاڵمان ڕێکخرابوو، بەشداریان کرد.

ئەو هەیئەتە پەیامی پرسە و سەرەخۆشیی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان بە بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی بنەماڵەی قازی محەممەد ڕاگەیاند.

لەو ڕێورەسمەدا کە لە ناوەندی شاری کۆڵن و لە ساڵۆنی کۆنگرێسی "گورتسێنیش" بە هاوکاریی شارەوانیی شاری کۆڵن و بەشداریی چەندین کەسایەتی، حیزب و لایەنی کوردستانی و ئاڵمانی ڕێکخرابوو، هەیئەتی حیزب و ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزب لە وڵاتی ئاڵمان بەشداریان کرد.

  لەو پەیوەندییەدا پاش پێشکەشکردنی دەستەگۆڵی ڕێزلێنان بە بنەماڵەی کاک "عەلی قازی" پەیامی پرسە و سەرەخۆشیی حیزب لەلایەن "سیاوەش محەممەدیـ"ـەوە خوێندرایەوە.

لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتبوو؛ وێڕای بەداخبوونی حیزبی دێموکرات بۆ لەدەستدانی مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و یادگاری پێشەوا قازی محەممەد پرسە و سەرەخۆشیی حیزب لە بنەماڵەی ناوبراو و خەلکی مەهاباد و کوردستان بە گشتی ڕادگەێنین.

دواتر لە وتارێکی کۆرتدا، باسێکی بەراوردکارانەی لە نێوان سێدارەدانی پێشەوا و لەخاچدانی عیسای مەسیح هێنایە گۆڕێ. لەو باسە بەراوردکارییە لە بواری ئاماژەناسییەوە باس لەوە کرا هەر چۆن لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد لەسەر خاک و لە نێو خەڵکی خۆی زۆر لە خاچدانی عیسای مەسیح دەچوو، بە هەمان شێوەش دەکرێت میراتی ئەو دوو مرۆڤە لەگەڵ یەکدیدا بەراورد بکرێت.

ئەگەر عیسا بۆ باوەرداران و مرۆڤایەتی میراتێکی ئایینی و ئەخلاقی جێ هێشت، پێشەوای کوردانیش دوو میراتی سیاسی و ئەخلاقی بۆ مرۆڤایەتی بە گشتی و کورد بەتایبەتی جێ هێشتووە و  لەو چوارچێوەیەدا دەتوانین بڵێین کە ئەوڕۆکە حیزبی دێموکرات بە پشتبەستن بە میراتی ئەخلاقی پێشەوا میراتهەڵگری ڕێبازی سیاسی پێشەوا قازی محەممەدە، بە هەمان شێوەش دەکرێت "عەلی قازیـ"ـش لە زۆربواردا میراتهەڵگری ڕێبازی ئەخلاقی پێشەوا بزانین و بە حەق ناوبراو توانیبووی بەشێک لەو ئەرکە وە ئەستۆ بگرێت و هەر ئەوەی ئەوڕۆ دەبینین لە هەموو بەشەکانی کوردستان و بە بیروبۆچوونی جیاواز خەڵک لە پرسەکەیدا بەشدارن، هەڵگری ئەو ڕاستییەیە.

ئەو ڕێورەسمە دواتر بە خوێندنەوەی چەندین بابەت و پێشکەشکردنی پەیام و سەرەخۆشی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کۆتایی پێهات.