کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ نوێنەری سوسیال دێموکراتی سۆئید کۆبووە

16:20 - 20 رەشەمه 2720

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕەشەمە، هەیئەتیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب ''حەمید تەیمووری" لە وڵاتی سوئید لەگەڵ نونێەری سوسیال دێموکراتی سوئید ''یوهان هاسل'' لە ڕێگای زوومەوە کۆ بوونەوە.

لەو کۆبوونەویەدا کۆمەڵێک خاڵی پێوەندیدار بە کوردستان بە تایبەتی و ئێران بە گشتی قسەی لەسەر کرا.

لەو کۆبوونەوەیەدا تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە کوردستان و ئێران قوربانی لێدەکەوێتەوە و ڕیژەی قوربانییان هەروا هەڵدەکشێت، باسی لەسەر کرا و ڕێژیمیش بە ئەنقەست ئەم کێشەیەی لە کوردستان و ئێران پشتگوێ خستووە.

هەروەها باس لەسەر ئەوە کرا کە نزیکەی ١٢٠ کەس هەتا ئێستا لە کوردستان دەسبەسەر کراون و لە چارنووسی زایندانییانی کورد هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

لەو کۆبوونەوەی هەیئەتی حیزبی دێموکرات لەگەڵ نوێنەری سوسیال دێموکراتی سوئید باسێکی کورت لەسەر کۆڵبەرانی کورد و سوختبەرانی بەلووچ  کرا کە ئەم کۆڵبەرانە لەلایەن هێزە نیزامیەکانی ڕێژیم دەدرینە بەر گوللـە و دەکوژرێن.

هەروەها باسی گرتنی ٣٣ ژنی کوردی چالاکی مەدەنی و ژینگەیی و کرێکاری کورد کە لە مارسی ساڵی ٢٠٢٠ تا مارسی ٢٠٢١ دەسبەسەر کراون و زیندانیی درێژخایەنیان بۆ بڕاوەتەوە کرا.

هەر لەو بوارەدا باسی کوژرانی ٢٩ ژن کرا کە لە ساڵی ڕابردوو هەتا ئێستا بەدەستی هێزی نیزامیی

ڕێژیم بە هۆکاری جۆراوجۆر کوژراون.

خۆکوژیی ١٠٨ ژنی کورد کە لە ساڵی ڕابردوو هەتا  ئێستا بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە وەکوو بێکاری، نەبوونی بژیوی ژیان و بێبەشبوون لە خوێندان و زۆرهۆکاری تر خۆیانیان کوشتووە خرایە بەر باس.

لە کۆبوونەوەی هەیئەتی حیزبی دێموکرات لەگەڵ نوێنەری سوسیال دێموکراتی سوئید باسی ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی ''کەماڵ شەریفی'' خەڵکی شاری سەقز کرا کە بەهۆی لایەنگری لە حیزبێکی کوردی بە ٣٠ ساڵ زیندانیی سزا دراوە و ١٢ ساڵە لە بەندیخانە دایە و تەنانەت ڕۆژانە لە ژێر گوشاری ئەشکەنجە دایە.

هەروەها باس لە ''موژگان کاوسی'' نووسەر و لێکۆڵەری کورد کە لە زیندانی ئێڤین دایە و مافی چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەسوکاری نییە کە بە ٦٧ مانگ زیندانی سزا دراوە، کرا.

باس لە ڕێژەی هەژاری لە شار و گوندەکانی کوردستان و ئێران کرا.

هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا ڕاپۆرتی ''جاوید ڕەحمان'' خرایە بەر باس کە لە ٨ی مارسدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی مەحکوم کرد بە لە ژێر پێنانی مافی مرۆڤ لە ئێران و بەتایبەتی بەشوودانی منداڵانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ کە کاربەدەستانی ڕێژیم ڕێگەیان داوە هەر لە تەمەنی منداڵیدا کچەکانیان بەشوو بدەن.

کێشەی ئەتۆمیی ئێران و دانیشتنی ئامریکا و وڵاتانی ئورووپایی یەکێکی دیکە لەو تەوەرانە بوو کە باسی لەسەر کرا، هەیئەتی جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە دانیشتنەکان نابێت تەنیا لەسەر ڕاگرتنی ئەتۆمی بێ و دەبێ مەسەلەی نەتەوەکانی ئێران و کورد لەو وتووێژانەدا لەبەرچاو بگیرێ و کێشەی ماڤی مرۆڤ لەبیر نەکرێ.

نەتەوەکان و مەزهەبە جیاوازەکانی ئێران و ناوچەکانی داگیرکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران دەبێ لەبەرچاو بگیرێت. کێشەی ئەتۆمی هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی نییە و بنبڕکردنی گرووپە تێروریستیەکانی سەر بە ئێران و دەستێوەردانەکانی ڕێژیم لە ناوچەدا گەروەترین قەیرانن .

''یوهان هاسل'' لەو باوەڕەدا بوو کە دەبێ کێشەی مافی مرۆڤ لە ئێراندا و لە کاتی وتووێژی ئەتۆمی  لەبەرچاو بگیرێت، سەرەڕای ئەوانەش کێشەی نەتەوەکانی ئێران هەر لە کوردەوە تاکو ئەوانی تریش دەبێ چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.  ناوبراو وتی، تەنیا کێشەی ئەتۆمی کافی نییە لەو وتووێژانەدا.

 هەیئەتی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد کە دەبێ سوسیال دێموکرات هەم وەک حیزب و هەمیش وەک دەوڵەت پاڵپشتی گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران بکەن بۆ مافی خۆیان، تەنانەت پشتیوانیی سیاسی لە خۆپێشاندەرانی ئێران بکەن.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کێشەی کورد دەبێ بچێتە ناوەندی وڵاتانی یەکگرتووی ئورووپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەگەڵ زلهێزەکاندا باسی بکەن.

''یوهان هاسل'' لەو کۆبوونەوەیەدا وتی ئەوەی لەدەستی ئێمە دابێ دەریغی ناکەین و هەردەم پاڵپشتی گەلانی ژیردەستی ئێران و بەتایبەتی پرسی کوردین.