کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوئید کۆ بووەوە

13:41 - 31 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی بانەمەڕ، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە "حەمید تەیموری، جەمیلە حەسەنخاڵی و عەلی عەبدیلزادە"، لەگەڵ "ئان لیندە" (Ann Lindé)  وەزیری دەرەوەی وڵاتی سوئید کۆ بوونەوە.

لەم کۆبونەوەیەدا چەند ڕێکخراوێکی دیکەش بەشدار بوون. ئەم کۆبونەوەی هەیئەتی سوسیال دێموکرات بە مەبەستی ئاڵوگۆڕەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و  پرسی کورد لەو بەشەی کوردستاندا پێک هات.

لەم کۆبوونەوەیەدا جگە لە وەزیری دەرەوەی سوئید خاتوو "ئانا لیندە" و هاوکارەکەی "لینوس"،" "ئاندرس ئۆێستبێری و کادیر کاسیرگا"ش لە هاوڕێیانی سوسیال دێموکرات، بەشدار بوون.

بەڕێوەبەری کۆڕەکە لە ئەستۆی ئۆێستبێری بوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەو خاڵانە کرا:

"لیندە" لە قسەکانیدا وتی، ئێمە وەک کۆمەڵگای نێونەتەوەیی نابێ ئێران پەراوێز بخەین و هەم وەک سوئید و هەمیش وەک وڵاتانی یەکگرتووی ئورووپایی دەبێ لە دیاڵۆگدا بین بۆ چارەسەریی کێشەکان هەم لە ناوچە و هەمیش لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی.

"لیندە" باسی لەوە کرد، ئێستا ئێران و ئامریکا دژ بە یەکن و ئامریکا گەمارۆی خستووەتە سەر ئێران، بۆیە پێویستە لە ڕێگای وتوێژەوە ئێران ناچار بکەین کە سەر دانەوێنێت بۆ پرسی مافی مرۆڤ، کێشەی نەتەوەکانی ئێران وەک کورد و ئەوانی تر، پرسی هاوکاری و بازرگانی و نەهێشتنی توندوتیژی، لەو بوارەشدا دەزانین کە ئێران دەستی هەیە لە پێکهێنانی کۆمەڵێک گرووپی تێرۆریستی بۆ کاری توندوتیژی لە ناوچەکەدا.

ناوبراو وتی، ئێمە هەردەم لەگەڵ کوردەکان و نوێنەر و بەرپرسانیان لە پێوەندیداین بۆ هاوکاری و دەستەبەرکردنی مافی خۆیان، ئێمە پێمان وایە کوردەکان دەبێ مافی خۆیان هەبێت و ئەمەش شتێکی زۆر سروشتییە، هەر بۆیە ئێمە جەخت لەسەر دیالۆگ دەکەینەوە و بە پەراوێزخستن هیچ شتێک چارەسەر ناکرێت.

هەیئەتی حیزب باسی لەو هەوڵە تێکدەرانەی ڕێژیم کرد کە بەهۆی گرووپی تێرۆریستی کە دەیاننێرێتە ناوچە و ئورووپا و بەتایبەتی سوئید، یان سوئید یارمەتیی ماڵی دەنێرێت بۆ ئێران و چۆن ئەو بڕە پارەیە کۆنترۆڵ دەکەن کە نەگاتە دەستی گرووپی میلیشیا و تێرۆریستان؟

"لیندە" لەو کۆبوونەوەیدا باسی لەوە کرد، مەسەلەی ئەمنییەت پێوەندیی بە دەزگای ئەمنییەتی سوئیدەوە هەیە و ئەوان لەو بوارەدا زانیارییان هەیە، مەسەلەی پارەش کە ئێمە یارمەتی دەکەین بۆ قەیرانی کۆرۆنا ئەوە نییە کە ئێمە پارەی نەختی بنێرین، ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێکخراوی نێونەتەوەیی و بەتایبەت ڕێکخراوێکی گەورەی ئاڵمان پەیوەندیمان هەیە، کەرەستە ئامادە دەکەین وەک دەوا و دەرمان و کەرەستەی تەندروستی و لەو بوارەدا دەنێرینە نەخۆشخانەکانی ئێران، نە ئەوەی یارمەتیی ڕاستەوخۆ بچێتە دەستی سپا و لەو جۆرانەوە.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە سێسەرەی جیهانی هەمووی لەسەر چەکی ئەتۆمیی ئێرانە، بەڵام دەیان کێشەی تری لە ئێران هەیە کە پشتگوێیان خستووە وەک نەتەوەکانی ئێران، کێشەی کوردەکان و ئەوانی تری، مافی مرۆڤ، کەمە مەزهەبیەکان، بێکاری و نەبوونی کار و دەرفەتی بژێویی ژیان، کۆڵبەران، هەژاری و دەیانی تریش، ئەمانە هەمووی گرێدراوی یەکن، بەداخەوە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی چاوەڕێن ئەگەر ئێران لە نێوەڕاستی وڵاتەکەی شتێک بکات و بڵێن ئەوە ئێران ئاڵوگۆڕ پێک دێنێت و ئەوەش کێشەکان چارەسەر ناکات.

ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر داوای هەیئەتی حیزبی دێموکرات پێک هاتووە.