کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات سەردانی پەیوەندییەکانی حیزبی چەپی سویدی کرد

11:33 - 30 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەر، هەیئەتێکی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی "حەمید تەیمووری" بە مەبەستی دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ نوێنەری  پەیوەندییەکانی حیزبی چەپی سوید "هۆکان سڤێنەلینگ" و سکرتێری ناوبراو بە ناوی "نیلس ستوێبر" سەردانی پارلمانی ئەو وڵاتەیان کرد و لەو چاوپێکەوتنەدا هەلومەرجی حیزبی دێموکرات، کوردستانی ئێران و ئێران بەگشتی و ناوچەکە خرایە بەر باس و لێکدانەوە.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات لەو چاوپێکەوتنەدا داوای لە حیزبی چەپ کرد کە وەک هەمیشە هەڵوێستی جیددییان دژ بە ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان هەبێت و پشتیوانی لە خەڵکی کورد بکەن، هەروەها ڕوو لەو حیزبە باسیان لەوە کرد: "چاوەڕوانیی ئێمە لە حیزبی چەپ ئەوەیە کە لەسەر کوردستانی ئێران پرۆژە بنووسن و ڕادەستی پارلمان، دەوڵەت و وەزارەتی دەرەوەی سویدی بکەن و تەنانەت داخوازیی کورد بگەیەننە پارلمانی یەکیەتیی ئورووپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان".

"هۆکان" نوێنەری حیزبی چەپی سوید وتی: ''ئێمە هەردەم پشتیوانیمان لە کورد کردووە و ڕەخنەمان لە ڕێژیمی ئێران گرتووە، ئێمە گرووپێکمان هەیە کە لەگەڵ نوێنەرانی ئێران دانیشتن دەکەن و بەبێ پەردە ڕەخنەی توندی خۆمان ئاراستەیان دەکەین، بەڵام بەداخەوە کەم گوێ دەگرن و هەلومەرجەکەش جارێک هەروایە''.

ناوبراو زیادی کرد: "ڕێژیم بەنیازە چەکی ناوکی دروست بکات و ئەمەش شتێک نییە کە وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئامریکا بتوانن قەبووڵی بکەن و بە جۆرێک جارێک ڕایانگرتووە و گەمارۆکانیش بەردەوامن. ڕێژیمی ئێران بەردەوام خەریکی ئاژاوەنانەوە لە ناوچەدایە و بایەخ بۆ هیچ نەتەوە، ڕێکخراو و حیزبێک دانانێت و ئێمەش ئەوە بە باشی دەزانین".

"هۆکان" دۆخی هەرێمی کوردستان و دەسدرێژییەکانی ئێران و تورکیە بۆ سەر ناوچەکانی باشووری کوردستانی هێنایە بەرباس و وتی کە هەرێمی کوردستان نابێ بەنیسبەت بۆردومانەکانی ئەو وڵاتانە بێدەنگ بێت.

لەو دانیشتنەدا لەسەر سیخوڕیکردنی ڕیژیمی ئێران قسە کرا و ناوبراو وتی: "لە کۆبوونەوەی دەوڵەت پێیان وتووین کە ئێران سیخوڕی زۆری ناردووەتە سوید و دەبێ ئاگادار بین".

لەوبارەوە هەیئەتی حیزب باسی لەوە کرد: "ئێمە وەک حیزب ئەزموونمان لەگەڵ تێرۆردا هەیە و هەر لە وڵاتی سوید سێ ئەندامی حیزب تێرۆر کراون. یەکەمیان عیفەت کچی قازی محەممەدە و لە شاری ڤێسترۆس بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەوە کە لە پۆستەکەی بۆیان دانابووەوە شەهید کرا. دووەم، پێشمەرگەیەکی حیزب بە ناوی کەریم کە لە شاری نینەسهامن تێرۆر کرا و سێهەمین شەهید کامران هیدایەتی کە بەهۆی تەقینەوەی نامەی بۆمبڕێژکراو لە ماڵەکەیدا نابینا بوو و پاشان شەهید بوو. سەرەڕای ئەوەیکە پۆلیس و ئاسایشی سوید لە تەواوی دۆخەکە ئاگادارە بەڵام بەوپەڕی حورمەتەوە تێروریستەکانیان ڕادەستی ڕێژیمی ئێران کردووەتەوە. هەر لەو پەیوەندییەدا دوو کارناسی تێرۆر لە سوید فیلمێکیان لەسەر ئەو تێرۆرانە بەرهەم هێناوە کە لە کاناڵی تی ڤی سویددا پیشان دراوە".

هەروەها هەیئەتی حیزب لە دانیشتنەکەیاندا باسیان لەوە کرد کە لە مانگی ٩ و ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا دوو کەس کە یەکێکیان بەرپرسێکی باڵای ڕێژیمی ئێران بووە و لە ئاسایشی سوید کاری کردووە بە تاوانی سیخوڕی بۆ ئێران لەلایەن پۆلیسەوە دەسبەسەر کراوە.

هەروەها ئاماژەیان بە گرتن و محاکمەی "حەمید نووری" لە "ستۆکهۆڵم"  کرد و وتیان: "وڵاتی سوید دەبێ لە بەرانبەر پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران زۆر وریا بێت. سیخوڕەکان بەردەوام چاویان لەسەر دژبەرەکانی ڕێژیمە، بەتایبەتی ئەندامانی حیزبە کوردیەکان لە سوید".