رۆژی یەکشەمە ٢٢ی ڕەشەمە، لە شاری "یۆتۆبۆری" لە وڵاتی سوید، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو وڵاتە لە کۆڕی فیلمی دێکۆمێنتاریی "کۆماری کوردستانـ"ـدا بەشداریی کرد.
هونەرمەند "سمایل ماملێ" وەکوو بەڕێوبەری ئەو کۆڕە بەرهەمی ٢٢ ساڵ هەوڵ و ماندووبوونی خۆی لەبابەت دێکۆمێنتکردنی بەڵگە و ڕووداوەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان خستە بەر چاوی بەشداربووان.
لە دێکۆمێنتارییەکەدا هەندێک ڕووداوی مێژوویی بە شێوەی زیندوو و بەڵگەی نەوتراو و نەدیتراو نمایش کران.
هەروەها لەو دێکۆمێنتارییەدا زۆرێک لە شاهیدانی زیندووی ڕووداوەکان لەسەر گەلێک باس و بابەتی سەرنجڕاکێش قسەیان کرد کە خۆیان لەو سەردەمەدا ئەندام یان پێشمەرگە یان کاربەدەستی کۆماری کوردستان بوون.
هەیئەتی کۆمیتەی حیزب لەو کۆڕەدا وێڕای دەسخۆشی لە هونەرمەند "سمایل ماملێ" لەبابەت کارە نەتەوەییەکەی، پشتیوانیی هەرچی زیاتری کۆمیتەیان بۆ ناوبراو دووپات کردەوە.