کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنتۆن؛ شاندێكی حیزبی دێموکرات لە كۆڕیادی کۆچکردوو دوکتور "نەجمەدین كەریم" بەشداریی کرد

12:40 - 19 سەرماوەز 2721

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەز، بۆ ساڵیادی کۆچی دوایی دوکتور "نەجمەدین کەریم" پارێزگاری پێشووی کەرکووک و بەرپرسی ئەنیستیتۆی کورد لە واشنتۆن، ڕێوڕەسمێک لەلایەن ئەنیستیتۆی کورد لە واشنتۆن بە ھاوکاریی نوینەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو .

سەرەتا "بەیان سامی عەبدولڕەحمان" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە واشنتۆن بەخێرھاتن و سپاسی بەشداربووانی کرد.

پاشان سێناتۆر "کریس ڤانھۆلێن" سێناتوری ویلایەتی "مێریلەند"، دوستی نزیک و دێرینی د. نەجمەدین کەریم، باسێكی لەسەر کەسایەتیی دوکتور نەجمەدین پێشکەش کرد.

دواتر "بەیان سامی عەبدولڕەحمان" بابەتێکی لەسەر ژیان و خەبات و زەحمەتەکانی د. نەجمەدین كەریم بەگشتی بۆ ناساندنی کورد لە ئامریکا پێشکەش کرد.

"شوان نەجمەدەین کەریم" كوڕی د. نەجمەدین وێڕای پێشكەشكردنی بابەتێک لەسەر کەسایەتیی باوكی، چ لەنێو بنەماڵە و چ لەنێو کۆمەڵگەدا، سپاسی ئامادەبووانی كرد.

پاشان فیلمێکی دێکۆمێنتاری لەسەر ژیان و کەساییەتیی د. نەجمەدین کە بریتی بوو لە ڕا و بۆچوونی دەیان کەسایەتیی ئامریکایی و کورد  پێشکەش کرا. لە فیلمەکەدا چەندین جار قسەکانی "مستەفا ھیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر کەسایەتیی دوکتور نەجمەدین بڵاو کرایەوە.

لە کۆتاییدا "یووسف سمایل" بەرپرسی ئەنیستیتۆی کورد لە واشنتۆن، سپاسی بەشداربووانی كۆڕیادەكەی کرد.

شاندێکی كۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئامریكا بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون و پەیامی حیزبیان گەیاندە بنەماڵەی دوکتور نەجمەدین و بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە.

ھەروەھا شاندی حیزب لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەكەدا لەگەڵ چەند کەسایەتیی كورد و ئامریکایی چاوپێکەوتنیان کرد.