ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان ١٣٩٩ی هەتاوی، لە ٢٨ـەمین ساڵیادی شەهیدانی میکۆنووسدا کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ وێبنارێکی بە کۆڕگێڕی"عیرفان ڕەهنموون" و "مەریەم عەلیپوور" بەڕێوە برد.
سەرەتای بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگەیاندنی بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێ کرد.
لە بەشی یەکەمی وێبنارەکەدا "مریەم عەلیپوور" تیشکی خستە سەر "وردبینی و دووربینی لە وتارەکانی دوکتور شەڕەفکەندی" و لەو بارەوە ناوبراو بە وردی ئاماژەی بە چەند وتارێکی دوکتور "شەرەفکەندی" کرد و تیژبینی و بیرفراوانی ئەو سەرکردەی کوردی هێنایە بەر باس و لەگەڵ هەلومەرجی ئێستادا بەراوردی کرد.
لە بەشی دووهەمی وێبنارەکەدا "عیرفان ڕەهنموون" بڕگە گرینگەکانی ژیانی شۆڕشگێڕانەی کاک دوکتور "سەعید"ی خستە بەر باس، لە باسەکەیدا ئاماژەی بە زۆر قۆناغی ژیانی شۆڕشگێڕانەی کاک دوکتور "سەعید" کرد.
"ڕەهنموون" چەند لاپەڕەیەکی مێژووی حیزبی هەڵدایەوە و سیاسەتی شۆڤێنیستیی تارانی دەرحەق بە گەلی کورد و باقی نەتەوەکان خستە بەر ڕەخنە و ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ستراتێژییەکی نوێ و ڕادیکاڵتر بەنیسبەت تارانەوە پەیڕەو بکرێت.
لە بڕگەی کۆتایی وێبنارەکەدا چەند پرسیارێکی بەشداربووان لەلایەن پێشکەشکاری بەرنامە "حەسەن ئاهەنگەری" ئاراستەی کۆڕگێڕان کرا و لەلایەن کۆڕگێڕانەوە وڵامی پرسیارەکانیان درایەوە.