کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبنارێک بۆ ئەندامانی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو

11:45 - 29 گەلاوێژ 2720

لە زنجیرە وێبنارەکانی تایبەت به ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ وێبینارێک لەلایەن هەیئەتی ئامادەکاریی وێبنارەکان بۆ ئەندام و لایەنگرانی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.

وێبنارەکە به سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

کۆڕگێڕانی وێبینار بریتی بوون لە دوکتور "سەعید شەمس" مامۆستای زانکۆ و "ئەلبۆرز ڕووئینتەن" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

"ئەلبورز ڕوئینتەن" لەگەڵ پیرۆزبایی و بەخێرهاتنی ئامادەبووان باسەکەی لەژێر ناوی حیزبی دێموکرات و بەها نێونەتەوەییەکان لەم چەند خاڵەدا شرۆڤە و شی کردەوە:

یەکەم؛ ئازادی و گرینگیدانی حیزب بەو چەمکە لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی خۆیدا هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستان هەتا ئێستا.

دووەم؛ دێموکراسی، لەو بارەوە ئاماژەی بە بڕوای حیزب بە دێموکراسی و هەوڵی نهادینەکردنی لەنێو حیزب و کۆمەڵگای کوردستان و ئێران بەگشتی کرد. هەروەها دابینکردنی یەکسانی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئاشتیخوازی لەو خاڵانە بوون کە ناوبراو باسی  لەسەر کردن و جەختی کردەوە کە بۆ پراکتیزەکردنی هەر کام لەو چەمک و دەستەواژانە، حیزبی دێموکرات کاری جیددیی کردووە و نرخی زۆریشی لەپێناویدا داوە.

دواتر دوکتور "سەعید شەمس" هاوکات لەگەڵ پیرۆزبایی دامەزرانی حیزب باسێکی لێکۆڵینەوەی مێژوویی- زانستی بە ناوی پارادۆکس لە "ژێ.کافـ"ـەوە بو حیزبی دێموکرات، پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

"شەمس" لە باسەکەیدا ئاماژەی بە دوو ڕوانگەی جیاواز سەبارەت بە کۆمەڵەی "ژێ.کاف" و چونیەتیی بوونی بە حیزبی دێموکرات خستە ڕوو. ناوبراو باسی لەوە کرد، مادام حیزبی دێموکرات لەسەر بناغەی "ژێ.کاف" دامەزراوە، پێویستە ئەو سێ ساڵ و چەند مانگەی کۆمەڵەی 'ژێ.کاف" بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتەوە زیاد بکرێت.

هەروەها "شەمس" باسی لەوە کرد، "ژێ.کاف" بزووتنەوەیەکی ڕووناکبیری ـ سیاسی بوو کە لە هەرەتی بەهێزبوون و بە جەماوەری بوونیدا کرا بە حیزبی دێموکرات و پێی وابوو بوونی "ژێ.کاف" بە حیزبی دێموکرات بە سەرنجدان بە بارودۆخی ئەو کات کارێکی دروست و پێویست بوو. هاوکات ئیرادەی نەتەوایەتی لە "ژێ.کاف" و کۆماردا بە دەگمەن لە مێژووی هاوچەرخدا وەسف کرد و پێی وابوو پێویستە ئەزموونی کۆماری کوردستان لەگەڵ کۆمۆنی پاریس بەراورد بکرێت.

وێبنارەکە بە پرسیاری بەشداران و وڵامی میوانانی بەرنامەکە کۆتایی پێهات.